سەردێڕ:

بۆ پاراستنی نرخەکان لە مانگی رەمەزاندا؛ حکومەتی عێراق سەنتەری بازرگانی دەکاتەوە

PM:10:22:09/03/2024

1100 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە مانگی رەمەزاندا بڕیاریان داوە بە کردنەوەی چەندین سەنتەری بازرگانی. دەشڵێت، "رێکاری توند دەگرینە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی هەوڵی زیادکردنی نرخەکان دەدەن لە مانگی رەمەزاندا".


ئەمڕۆ شەممە، ئەسیر داود غورەیری وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە و لەپێناو هەرزانبوونی نرخی خۆراک و پێداویستیەکان چەندین رێوشوێنی توندیان گرتووەتە بەر، رێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنە بەر کە لە مانگی رەمەزاندا هەوڵی زیادکردنی نرخی پێداویستییەکان دەدەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەژێر رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چەندین سەنتەری بازرگانی دەکەنەوە لەپێناو پاراستنی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان.

ئەوەشی خستە روو، جگە لە چاودێریکردنی بازاڕ و کردنەوەی سەنتەری بازرگانی، سەدان بارهەڵگر خۆراک و پێداویستی بۆ ئەو خێزانانە دابین دەکەن کە داهاتێکی ئەوتۆیان نیە تاوەکو بتوانن پێداویستییەکانی مانگی رەمەزان دەستەبەر بکەن.

پێشتر، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی شتومەک و پێداویستییەکان و هەرکەسێک لە مانگی رەمەزاندا هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخەکان بدات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق چەندین رێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی شتومەک لە مانگی رەمەزاندا، بۆ هەرزانکردنی نرخی گۆشتی سووریش لە بازاڕەکاندا، ١٧ هەزار سەر گوێرەکە هاوردەی عێراق کراوە.













گەلەری