سەردێڕ:

تەندروستی عێراق: هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان سەرکەوتوو بوون

PM:04:50:07/03/2024

716 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، هەنگاو و رێکارەکانی حکومەت بۆ رووبەڕوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی پێوە دەکەن پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق لە لوتکەیەکی زانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، حکومەتی عێراق کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای مادە هۆشبەرەکان دەکات و لە پلانیشیدایە ژمارەی ناوەندەکانی چارەسەری ئالودەبوون زیاتر بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەنتەرێکی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی کەسانی ئالودەبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە بەغدای پایتەختی وڵاتەکە و نەخۆشخانەیەکی دیکەشیان لە پارێزگای دیوانیە بۆ چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان کردووەتەوە. دەشڵێت، " حكومەت کار لەسەر زیادکردنی ژمارەی ناوەندەکانی چارەسەی ئالودەبوون دەکات".

باسی لەوەش کرد، هەوڵ دەدەن لەڕێگەی چەند سیمینارێکەوە هۆشداری زیاتر لەبارەی زیانەکانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و مەترسییەکانی بە هاوڵاتیان بدەن.

وتیشی، "بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان پێویستی بە هەماهەنگی و هەوڵی بەرفراوانی حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٤ـی مانگی ئازار عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانیان توانیویانە هەزار و ٤٣١ کەس بە تۆمەتی بارزگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن هاوکات، دەستیان بەسەر بەسەر ٣٩٠ کیلۆ مادەی هۆشبەردا گرتووە.













گەلەری