سەردێڕ:

لە دوو مانگدا؛ عێراق نزیکی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە

PM:12:53:05/03/2024

760 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی شوباتدا زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هاوردەکراوە و بە تێکڕا رۆژانە ١٧٣ هەزار بەرمیل نەوت بووە. دەشڵێت، " عێراق لەماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیکی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە و بەوەش لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبیدا ماوەتەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی ١ـی شوبات تا رۆژی ٢٩ـی شوباتی ئەمساڵ بە تێکڕا چوار ملیۆن و ٣٧٩ هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هاوردە کراوە و بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم ئاستی هاوردەکردن بەرێژەی ٢.٤٪ کەمیکردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی دروستبوونی گرژی وئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییە سیاسیەکانی ئەمریکا و عێراق لە هەفتەی دووەمی مانگی شوباتدا هیچ بڕە نەوتێک هاوردە نەکراوە، کە پێشبینی دەکرا لەو هەفتەیەدا زیاتر لە ملیۆنیک بەرمیل هاوردەبکرێت.

ئەوەش خراوەتە روو، لە رۆژی ٢٥ تا ٢٩ـی شوبات بە تێکڕا ٢٤٠ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە لە عێراقەوە هاوردە کراوە و بەراورد بە رۆژی ١٩ تا ٢٤ـی شوبات ئاستی هاوردەکردن بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەرێژەی ٤٠ هەزار بەرمیل.

هاوکات لە کۆتا هەفتەکانی مانگی شوباتدا لە وڵاتانی عەرەبیدا عێراق پلەی یەکی هەبووە و بە تێکڕا رۆژانە زیاتر لە ١٠١ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە کاتێکدا ئاستی هەناردەکردنی سعودیە بۆ ئەمریکا رۆژانە ١٣٩ هەزار بەرمیل بووە، لەسەر ئاستی تێکڕای هەناردەکردنی مانگەکەش عێراق پلەی دووەمی هەبووە و وڵاتی سعودیەش پلەی یەکەمی هەبووە بە جیاوازی دوو ملیۆن بەرمیل.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ئەم ساڵدا بە تێکڕا ٩ ملیۆن و ٧٥٧ هەزار بەرمیل بووە، تێکڕای هەناردەکردنی رۆژانەش ١٦٥ هەزار و ٣٧٢ بەرمیل بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ساڵانە لە نێوان ٦٨ بۆ ٩٨ ملیۆن بەرمیل نەوتدایە و بەوەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی دووەمی وەرگرتووە.













گەلەری