سەردێڕ:

حکومەتی عێراق پاڵپشتی ئەو خێزانە ئاوارانە دەکات کە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

PM:06:04:04/03/2024

2360 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، حکومەتی عێراق پاڵپشتی ئەو خێزانە ئاوارانە دەکات کە بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دەدەن لەپێناو داخستنی کەمپەکان و کۆتایی هێنان بە پرسی ئاوارەکان بە یەکجاری و گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە تەواوی کۆتایی بە پرسی ئاوارەکان بهێنرێت لەو وادەیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیاری کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن حکومەتەوە رێوشوێنی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ سەقامگیری لە کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەروەها پاڵپشتیش پێشکەش بەو خێزانە ئاوارانە دەکرێت کە بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دەدەن.

ئەوەشی خستە روو، ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکی لە عێراقدا کۆتاییان هاتووە، بۆیە پێویستە پرسی ئاوارەکان بە تەواوی دابخرێت و سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، چەند وەزارەتێک پاڵپشت و هاوکاریانن بۆ ئاسانکاری لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەوانە وەزارەتی گواستنەوە لە رێگەی دابینکردنی هەلی کار بۆ ئاوارەکان، وەزارەتی پەروەردە بە دامەزراندنی بەشێک لە مامۆستایانی ئاوارە و وەزارەتی کاریش بە زیادکردنی بەشێک لە ئاوارەکان لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و پێدانی قەرز پێیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی بڕی ئەو یارمەتییەی کە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان دابینکراوە لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارەوە بۆ ٤ ملیۆن دینار













گەلەری