سەردێڕ:

عێراق؛ لە یەک مانگدا دەست بەسەر ٣٩٠ کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە

PM:02:21:04/03/2024

704 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە مانگی شوباتی رابردوودا هەزار و ٤٣١ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون و دەست بەسەر ٣٩٠ کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانیان توانیویانە هەزار و ٤٣١ کەس بە تۆمەتی بارزگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، دەستیان گرتووە بەسەر ٣٩٠ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و نۆ تەن لە کارتێکەرە عەقڵییەکان کە وەک مادەی هۆشبەر بەکار هاتوون.

باسی لەوەش کرد، لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دوو داواکراو لەکاتی رووبەڕوبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانیان گیانیان لەدەستداوە هاوکات کارمەندێکی سەر بە وەزارەتەکە گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون کە پلەیان ئەفسەر بووە.

رۆژی ٢ـی مانگی ئازار، عەدنان جحێشی سەرۆکى لیژنەى مادە هۆشبەرەکان لە پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لە عێراق و هەرێمى کوردستان زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لەسەر مادەى هۆشبەر دەستگیر کراون. وتیشی، "لە ئێستادا ٣٢ بازرگانی نێودەوڵەتى و پێنج هەزار بازرگانى ناوخۆیی لە زیندانن".














گەلەری