سەردێڕ:

ئۆپیک پڵەس ستایشی عێراق دەکات بۆ کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی هەناردەی نەوت

AM:09:26:04/03/2024

952 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، بەمەبەستی سەقامگیربوونی خواست و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی دیکە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان تا رۆژی ١ـی حوزەیران درێژکرایەوە. هاوکات، سوپاسی عێراقیش دەکات لەبەرامبەر کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی هەناردەی نەوتدا.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی گڵۆباڵ گرین ئینێرجی بڵاویکردەوە، وڵاتانی بەژداربوو لە ئۆپیک پڵەس جارێکی دیکە بڕیاریان دا بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی رۆژانەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیارەکە تا رۆژی ١ـی حوزەیران کاری پێدەکرێت بەوەش لە ماوەی درێژکراوەی داهاتوودا بە تێکڕا ١٩٨ ملیۆن بەرمیل لە بازاڕەکانی جیهاندا کڕین و فرۆشتنی پێوەناکرێت و تا ئاستێکی بەرچاو دەبێتە هۆیی سەقامگیربوونی نرخی نەوت لە ٨٠ دۆلاردا.

هاوکات سەبارەت بە کەمکردنەوەی کۆمەڵەکەش ئەوە خراوەتە روو، روسیا بە تێکڕا بڕی ٤٧١ هەزار بەرمیل کەمتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و سعودیەش یەک ملیۆن بەرمیل کەمتر هەناردە دەکات.

لەلایەکی تریشەوە جەخت لەوەش کراوەتەوە، عێراق لەپێناو سەقامگیرکردنی بازاڕ بەشێوەی خۆبەخشانە ٢٢٠ هەزار بەرمیل کەمتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، کە ئەوەش هاوکار دەبێت لە سەقامگگیربوونی بازاڕ بەڕێژەی ٥٪.

لە بەرامبەریشدا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ٢٢٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.

باسی لەوەش کرد، عێراق پێشتر لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣دا کەمکردنەوەیەکی دیکەی لە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ٢١١ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا راگەیاند و ئەم کەمکردنەوەیە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوتی جیهانی دەڵین، "ئەو ئاستەی کە کەمدەکرێتەوە کۆگادەکرێت و لە دۆخی پچرانی نەوت لە بازاڕەکاندا پشت بە کۆگاکراوەکان دەبەسترێت بەوەش هیچ مەترسیەک لەبەردەم خواستی جیهان بۆ دەستراگەیشتن بەنەوت نییە".













گەلەری