سەردێڕ:

عێراق دەست بە دروستکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی دەکات

AM:09:12:03/03/2024

2448 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵدەدرێت لەلایەن کۆمپانیا جیهانیەکانەوە بتوانن کارگەی تایبەت بە دروستکردنی ئەو دەرمانانە دروستبکەن کە لە عێراقدا نین، بۆ ئەومەبەستەش لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لیژنەیەک پێکهێندراوە. دەشڵێت، "هاوڵاتییان تەنها یەک لەسەر چواری نرخی دەرمانەکان دەدەن".


حەمودی لامی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بەمەبەستی دروستکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشكی کە لە ناوخۆی عێراقدا نییە لیژنەیەک پێکهێندراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو لیژنەیە بەدواداچوون بۆ جۆری دەرمان و نرخ و کوالێتی دەرمانەکان دەکەن و راپۆرتێک بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەخەنەڕوو کە بەژداردەبن لە وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستیدا.

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا عێراق دەتوانێت بببێتە دابینکاری دەرمانی پێشکەوتوو بۆ ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێش و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمپانیای جیهانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، لە قۆناغی یەکەم کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەمساڵ تا کۆتایی ساڵی داهاتوو دەست بە بنیاتنانی باڵەخانە و کارگەکان دەکرێت.

سەبارەت بە نرخی دەرمانەکانیش رایگەیاند، لەکاتی دروستکردنی دەرمانە پێویستەکان هیچ باجێکی ناچێتە سەر بۆیە بەراورد بە نرخی ئێستای دەرمانەکان لەلایەن هاوڵاتییانەوە تەنها یەک لە سەر چواری نرخەکە دەدرێت.

لە یەک دوو هەفتەی رابردووشدا حەمودی لامی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت رایگەیاند، تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ساختەکاری لە دەرماندا و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی دەرمان لە دەرەوە، بەرهەمهێنانی دەرمانە لە ناوخۆی وڵاتدا لە لەلایەن کارگەکانی دەرمانسازی حکومی و تایبەتەوە.

باسی لەوەش کرد، عێراق ساڵانە بە بەهای سێ ملیار دۆلار دەرمان هاوردە دەکات، بۆیە بەرهەمهێنانی دەرمان لە ناوخۆی وڵاتدا کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر کەرتی ئابووری و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی دەرمان.
هـ.شـ













گەلەری