سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی عێراق: حکومەت پلانی هەیە عێراق بکاتە هەناردەکاری غاز

PM:08:36:02/03/2024

820 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەردەوامە لە چاکسازیکردن و پەرەپێدانی کەرتی ئابووری لە وڵاتدا و لە پلانیشیدایە لە ساڵانی داهاتوودا عێراق بکاتە هەناردەکاری غاز.


ئەمڕۆ شەممە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا رایگەیاند، هەنگاوەکانی حکومەت بە ئاڕاستەیەکن کە لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا عێراق بکاتە هەناردەکاری غاز و غاز بۆ وڵاتانی جیهان هەناردە بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری وڵات و هەمەچەشکردنی سەرچاوەکانی داهات لەڕێگەی پەیوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٥ـی مانگی شوبات رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی عەرەبی رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا تێکڕای هەناردەکردنی غازی سروشتی لە جیهاندا ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد بەوپێیەی گەیشتە زیاتر لە ٤٠٩ ملیۆن تۆن لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا نزیکەی ٣٩٦ ملیۆن تۆن بووە.













گەلەری