سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی عێراق: لە ماوەیەکی نزیکدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

PM:10:07:01/03/2024

1984 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو شاندێکی عێراق بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی ئاسایش و کێشەی ئاو و بازرگانی سەردانی تورکیا دەکات. دەشڵێت،" هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتوونەتە رێککەوتن".


ئەمڕۆ هەینی، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر کێشەی ئاسایشی سنورەکان و کێشەی ئاو و رێگەی گەشەپێدان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمیشەوە ئاماژەی بەوە کردووە، هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنها هەندێک وردەکاری ماوە. وتیشی، "لە ماوەیەکی نزیکدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٢٥ی ئازاری ساڵی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی دادگای پاریسی لەسەر دۆسیەی نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردووەتەوە. تورکیاش وتی، "رێز لە بڕیارەکەی دادگای پاریس دەگرین."

دواتر بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا و بڕیارە لە دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر تەواوی پرسەکان هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.


 













گەلەری