سەردێڕ:

بۆ هەشتەمین ساڵ لەسەریەک؛ ژاپۆن ئاستێکی پێوانەیی لە دابەزینی رێژەی لەدایکبوون تۆمار کرد

PM:07:43:01/03/2024

1732 جار خوێندراوەتەوە

بۆ هەشتەمین ساڵ لەسەریەک ژاپۆن ئاستێکی پێوانەیی لە دابەزینی رێژەی لەدایکبوون تۆمار کرد. بەرپرسانی وڵاتەکەش دەڵێن، دۆخەکە مەترسیدارە و ئەگەر وابڕوات لە چەند دەیەى داهاتوودا ژاپۆنییەکان لەناودەچن.


وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ژمارەی لەدایکبوون نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٥.١٪ دابەزیوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون بەو رێژەیە مەترسییە لەسەر کەمبوونەوە و تەنانەت نەمانى ژاپۆنییەکانیش لە ئایندەدا.

هاوکات، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دابەزینی بەردەوامی رێژەی لەدایکبوون دۆخێکی مەترسیدارە و ئەگەر دۆخەکە پێچەوانە نەکەنەوە، ئەوا لە چەندین ساڵی داهاتوو وڵاتەکە بەرەو چۆڵبوون دەڕوات.

هەر لەو بارەیەوە، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی هاوسەرگیریکردن لە ژاپۆن بە رێژەی ٥.٩٪ دابەزیوە کە ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە ماوەی ٩٠ ساڵدا بەوشێوەیە دابەزێت.

راپرسییەکانیش دەریدەخەن کە زۆرێک لە ژاپۆنییە گەنجەکان پڕۆسەی هاوسەرگیریکردن یان هەبوونی خێزان رەت دەکەنەوە، هۆکارەکانیش بۆ کارکردنی زۆر و گریانی منداڵ دەگەڕێتەوە کە ژاپۆنییەکان زوو لێى بێزار دەبن.

هاوکات بە پشتبەستن بە نوێترین داتاکان، ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن زیاتر لە ١٢٥ ملیۆن کەسە ئەگەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە تا ساڵی ٢٠٧٠ تەنها ٨٧ ملیۆنى دەمێنێتەوە و ٣٨ ملیۆن کەس کەمدەکات.













گەلەری