سەردێڕ:

رێکخراوی تەندروستی جیهانی: لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیار کەس بە قەڵەو دادەنرێن

PM:04:34:01/03/2024

856 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیار کەس لەسەر ئاستی جیهان بە قەڵەو دادەنرێن. دەشڵێت، "لە ماوەی ٣٢ ساڵدا رێژەی قەڵەوی لەنێوان منداڵان و هەرزەکارانی تەمەن ٥ بۆ ١٩ ساڵ چوار هێندە زیادیکردووە".


ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، بەپێی نوێترین توێژینەوەکانیان لە ئێستادا قەڵەوی بە رێژەیەکی بەرچاو لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە، بە جۆرێک رێژەی قەڵەوی گەیشتووەتە ئاستێک زیاتر لە یەک ملیار کەس بە قەڵەو هەژمار دەکرێن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە رێژەی قەڵەوی لە زۆرێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا جێگیر بووە بەڵام لە ئەو وڵاتانەی باری ئابووریان مامناوەندە رێژەکە زۆر بە خێرایی بەرز بووەتەوە.

باسی لەوەش کرد، " زیادبوونی رێژەی قەڵەوی پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی توشبوون بە زۆرێک لە کێشە تەندروستییە مەترسیدارەکانەوە هەیە".

دەشڵێت،" زیاتر لە ١٩٠ وڵاتمان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکانمان وەرگرتووە و پشتمان بە داتای زیاتر لە ٢٢٠ ملیۆن کەس بەستووە".

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی خستووەتە روو، رێژەی قەڵەوی لەنێوان کەسانی پێگەیشتوودا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٢٢ زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە، هەروەها لە نێوان منداڵان و هەرزەکارانی تەمەن ٥ بۆ ١٩ساڵ زیاتر لە چوار هێندە زیادیکردووە.













گەلەری