سەردێڕ:

لە یەک مانگدا؛ عێراق سێیەم گەورەترین هاوردەکاری تورکیا بووە

PM:06:46:29/02/2024

908 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ هەناردەی تورکیا بەڕێژەی ٣.٥٪ بەرزبووەتەوە و هاوردەکردن بەڕێژەی ٢٢٪ دابەزیوە. دەشڵێت، " عێراق لە ریزبەندی سێیەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین شتومەکی لە تورکیاوە هاوردە کردووە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی ئاماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تێکڕای هەناردەی تورکیا ١٩ ملیار و ٩٩١ ملیۆن دۆلار بووە کە بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٣.٥٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا تورکیا بەتێکڕا بە بڕی ٢٦ ملیار و ٢١٨ ملیۆن دۆلار شتومەکی هاوردەی وڵات کردووە کە ئەوەش بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی٢٠٢٣ بەڕێژەی ٢٢٪ دابەزیوە.

باس لەوەش کراوە، ئەڵمانیا بە هاوردەکردنی شتومەک بە بڕی یەک ملیار و ٧٦٢ ملیۆن دۆلار پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەی گرتووە کە لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ زۆرترین هاوردەیان لە تورکیاوە کردووە، لەدوای ئەویش ئەمریکا بە بڕی یەک ملیار و ٢٢٤ ملیۆن دۆلار لە هاوردەکردنی شتومەک پلەی دووەم و عێراق بە بڕی یەک ملیار و ٩٧ ملیۆن دۆلار پلەی سێیەمی گرتووە.













گەلەری