سەردێڕ:

گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای نەینەوا دەستگیر کرا

PM:05:47:29/02/2024

1892 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە پارێزگای نەینەوا دەستگیر کردووە کە ١٣٥ کیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێ بووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، دوابەدوای ئەوەی زانیاریان پێگەیشت، لە ئەرکێکی هاوبەشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و چەند بەرێوەبەرایەتییەکی دیکەدا، توانیان گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای نەینەوا، دەستگیر بکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕی ٨٧ هەزار و ٥٠٠حەبی هۆشبەری پێبووە کە کێشی ١٣٥ کیلۆگرامە و لە ١٧٥ کارتۆندا شاردبوویەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن لە عێراق، چونکە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان راسپێردراون لیژنەی چالاکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە.













گەلەری