سەردێڕ:

بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور؛ عێراق ١٧ هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە دەکات

PM:05:10:29/02/2024

3996 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر هاوردەکردنی ١٧ هەزار سەر گوێرەکە بۆ عێراق.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، زیاد محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەشی سامانی ئاژەڵان لە عێراق رایگەیاند، کۆمپانیایەکی عێراقیان راسپاردووە ١٧ هەزار سەر گوێرەکە هاوردەی عێراق بکات لە وڵاتانی بەڕازیل و ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیاوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی هاوردەکردنی ئەو ئاژەڵانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن، چونکە وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵداری و ڤێرتێرنەری رێگەیان داوە بە هاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵاتانەوە کە ناسراون و ئاژەڵەکانیان شیاوی ئەوەن سود لە گۆشتەکانیان ببینرێت.

دەشڵێت،" بەردەوامبوونی هاوردەکردنی ئاژەڵ بەمەبەستی سودبینین لە گۆشتەکەی بەردەوام دەبێت و بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دابەزینی نرخی گۆشت بۆ ئاستێکی قبوڵکراو لە بازاڕەکانی عێراقدا".

ئەوەشی خستووەتە روو، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا شتێکی ناڕەوایە و بەپێی ئامارەکانیش تێچووی یەک کیلۆ گۆشتی سوور ١٠ هەزار دینارە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ماوەکانی رابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، دەستدەکەن بە هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی نرخی گۆشتی سوور داببەزێنن لە بازاڕەکاندا.













گەلەری