سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق: داهاتی نانەوتی زیادی کردووە

AM:09:24:29/02/2024

1052 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی داهاتی نانەوتی بە رێژەی ١٩٪ زیادی کردووە و پێشبینیش دەکرێت بە تێکڕا ٧٪ بودجەی ساڵی رابردووی پێکهێنابێت. دەشڵێت، "داهاتی نانەوتی نزیکی ١٠ ترلیۆن دینار بووە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، داهاتی نانەوتی لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بە تێکڕا ٪٧ـی بودجەی گشتیی عێراقی پێکهێناوە، پێشبینیش دەکرێت داهاتی نانەوتی لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا بەرزتر ببێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێکڕای داهاتی نانەوتی نۆ ترلیۆن و ٧٩٩ ملیار و ٤٧ ملیۆن و ٩٦٤ هەزار دینار بووە، لە تێکڕای بودجەی ساڵی رابردوو کە زیاتر بووە لە ١٣٥ ترلیۆن و ٦٨١ ملیار دینار.

باسی لەوەش کرد، داهاتی نەوتی کورتی هێناوە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەی ١١.٤٪ بە تێکراش ١٢٥ ترلیۆن و ٨٨٢ ملیار و ٢١٨ ملیۆن و ٢٣٣ هەزار دینار بووە، لە کاتێکدا داهاتی نەوتیی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر بووە لە ١٥٢ ترلیۆن دینار.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتى تەیف سامی وەزیری دارایی لەگەڵ پسپۆڕانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە عەممانی پایتەختی ئوردن سەبارەت بە داهاتی عێراق و میکانیزمەکانی پێشکەوتنی لایەنی ئابووری وڵاتەکە تاوتوێی چەند بابەتێکی پەیوەندیداریان کردووە.

هاوکات پسپۆڕانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رایانگەیاند، عێراق لە بواری بەرهەمهێنانی بەرهەمە نانەوتییەکاندا، گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا بە گشتی ئابووری عێراق لە گەشەسەندندایە بەرێژەی ٤.٥٪ کە ئەوەش بە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبی دێت.

لەلایەکی تریشەوە بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق رێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. دەشڵێت، "بەهۆی کەرتی تایبەتەوە لە عێراق ئابووری وڵاتەکە بەرەو هەمەجۆری سەرچاوەکانی پەیداکردنی داهات دەچێت کە بەرامبەرە بە ١٣١ ترلیۆن دینار".













گەلەری