سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەران : زیاتر لە ١٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکاندا دەژین

PM:08:48:28/02/2024

832 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ١٠ هەزار و ٥٦٤ خێزانی ئاوارە لە ٢٤ کەمپ دەژین کە زۆرینەی ئەو کەمپانە دەکەونە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، کاردەکەن بۆ دروستکردنی خانوو بۆ ئەو ئاوارانەی بەهۆی شەڕەوە خانووەکانیان روخاوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێڕاق رایگەیاند، هەموو ئاسانکارییەکیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکان تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ١٠ هەزار و ٥٦٤ خێزانی ئاوارە لە ٢٤ کەمپدا دەژین کە زۆربەی ئەو کەمپانە دەکەونە هەرێمی کوردستان و زۆربەی ئاوارەکانیش خەڵکی شنگالن.

ئەوەشی خستە روو، چەند وەزارەتێک پاڵپشت و هاوکاریانن بۆ ئاسانکاری لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەوانە وەزارەتی گواستنەوە لە رێگەی دابینکردنی هەلی کار بۆ ئاوارەکان، وەزارەتی پەروەردە بە دامەزراندنی بەشێک لە مامۆستایانی ئاوارە و وەزارەتی کاریش بە زیادکردنی بەشێک لە ئاوارەکان لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و پێدانی قەرز پێیان.

باسی لەوەش کرد، لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، کار دەکەن بۆ دروست کردنی خانوو بە تێچوویەکی کەم بۆ ئەو ئاوارانەی خانووەکانیان بەهۆی شەڕەوە رووخاوە.













گەلەری