سەردێڕ:

وڵاتانى کەنداو بڕیاریانداوە ڤیزایەکى هاوبەش بۆ هەر شەش وڵاتەکەیان دابنێن

PM:11:16:25/02/2024

3060 جار خوێندراوەتەوە

هاوشێوەی ڤیزای شنگنی وڵاتانی ئەوروپا، ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بڕیاریداوە کار بۆ جێبەجێکردنی ڤیزایەکی گەشتیاریی یەکگرتوو بکرێت و گەشتیار کە چووە یەکێک لە وڵاتانى کەنداو بەبێ هیچ بەربەست و ڤیزایەک بتوانێت وڵاتانى دیکەش بگەڕێت.


بەپێى لێکتێگەیشتنى وڵاتانى کەنداو، ئەوەی دەبێتە خاوەنی ڤیزاکە دەتوانێت بچێتە خاکی هەر شەش وڵاتانی کەنداو، کە بریتین لە سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت، سوڵتانشینی عومان، بڕیاریشە ئەو سیستمە لەمساڵدا یان سەرەتای ساڵی داهاتوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئامانجیش لەگرتنەبەری ڤیزا یەکگرتووەکە زیادکردنی ژمارەی گەشتیارانە بۆ وڵاتانی کەنداو بەڕێژەی ٥٠٪ بەشێوەیەک کە لە ٤٠ ملیۆن گەشتیارەوە بگەیەندرێتە نزیکەی ١٣٠ ملیۆن گەشتیار تا ساڵی٢٠٣٠.

شارەزایانى گەشتیارى دەڵێن، ئەو رێککەوتنە لەسەر ڤیزایەکی هاوبەش کاریگەری لەسەر پێگەی وڵاتانی کەنداو دەبێت وەک شوێنێکی دیاری گەشتیاری نێودەوڵەتیی و گەشتیارە بیانییەکان زیاتر بەلای خۆیدا رادەکێشێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کەرتى گەشتیاریی بووەتە شادەمارێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووری لە سەرانسەری جیهاندا و بەپێی داتا فەرمییەکانی رێکخراوی گەشتیارى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتیی لە ٢٠٢٣دا ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن گەشتیارى تێپەڕاند.

جاسم بدێوی ئەمینداری ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو دەڵێت، خستنەڕووی ئەو ڤیزایە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گەشە و پێشکەوتنەی وڵاتانی ناوچەکە بەخۆیانەوە دەبینن و پەیوەندیی نێوانیشیان پتەوتر دەکات.

لەلایەکی ترەوە ئیمارات لە مانگی ئازاری داهاتووەوە پێوەرێکی نوێ لە بواری گەشتکردن پەیڕەو دەکات کە پێشەنگ دەبێت لە جیهاندا، کە پشت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی زیرەکی دەستکرد دەبەستێت بەناوی (خزمەتگوزاری بێ کێشە لە ئیمارات).

ئامانجش لێی کەمکردنەوەی کات و نەهێشتنی چاوەڕوانی و پاراستنی ئاسایشە لە بواری گەشتکردندا.

ئەو سیستمە نوێیەش هاوشێوەی پڕۆژەی (ئیرۆ فاست پاس)ـەکە ئێستا چەند وڵاتێک لە ئەوروپا لە گەشتکردندا بەکاری دەهێنن.













گەلەری