سەردێڕ:

تا ناوەڕاستی ئەمساڵ عێراق هاوردەکردنی سوتەمەنییەکان بۆ نیوە کەمدەکاتەوە

PM:10:37:25/02/2024

1576 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا هاوردەکردنی سوتەمەنییەکان بۆ نیوە کەم دەبێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم غرێباوی ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەکانی کەربەلا و بێجی هاوردەکردنی بەرهەمە سوتەمەنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، بەو هۆیەوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ هاوردەکردنی بەرهەمە وەرگیراوەکانی نەوت بۆ نیوە کەمدەبێتەوە.

دەشڵێت،" لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا عێراق ٥٠٪ یان زیاتر هاوردەکردنی سوتەمەنییەکان کەم دەکاتەوە و لە ناوخۆی وڵاتدا ئەو بەشەی دیکەی بەرهەم دەهێنین".

ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق رۆژانە ١٣ ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکات لە دەرەوەی وڵات، ئەمەش ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار دۆلاری تێدەچێت بۆ دەوڵەت، ئەگەر ئەم پارەیە لە خەزێنەدا بمێنێتەوە، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بوژانەوەی ئابووری عێراق.

هاوکات لەو بارەیەوە ئەمڕۆ حامد یونس بریکاری پاڵاوگەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای ١٠ ساڵ پاڵاوگەی بێجی کرایەوە و ئەوەش هاوکار بووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پاڵاوتنی رۆژانە بەڕیژەی ٧٠ هەزار بەرمیلی تر. دەشڵێت، "بەهۆی چالاکی پاڵاوگەکانەوە نرخی سوتەمەنی و بەنزین دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت ."













گەلەری