سەردێڕ:

عێراق ٣٦ بەنداوی نوێ دروست دەکات

PM:09:29:25/02/2024

2912 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە ٣٦ شوێنیان بۆ دروستکردنی بەنداو دیاری کردووە و لە ماوەی ئەمساڵدا دەست بە کارکردن لە بەشێک لەو بەنداوانە دەکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، عێراق پێویستی بە بەنداوی گەورەی عەمبارکردنی ئاو نیە، بەڵکو ئەوەی پێویستە دروستکردنی بەنداوی بچوکە بۆ کۆکردنەوەی ئاو.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، لە ئێستادا زیاتر لە ٣٦ شوێنی دروست کردنی بەنداویان دیاری کردووە کە هەندێکیان پلان و دیزاین کردنیان تەواو بووە.

ئەوەشی خستە روو، لە ماوەی ئەمساڵدا دەست دەکەن بە کارکردن لە بەشێک لەو بەنداوانە و بەردەوام دەبن لە تەواو کردنی ئەو پڕۆژانە.

رۆژی ٢٣ـی مانگی شوبات وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لەیەکەم هەنگاویاندا بۆ سوود وەرگرتن لەو باران و لافاوەی کە لە هەرێمەوە دەگاتە ناوچەکانی عێراق تواندرا بە درێژایی ٨٥ کیلۆمەتر رێڕەوێکی ئاوی دروستبکرێت. وتیشی، " ئەمساڵ کێشەی کەمئاوی روونادات و تواندراوە ئاوێکی زۆر گلبدرێتەوە".

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کاردەکرێت بۆ گلدانەوەی ئاو لە چەندین پۆند و بەنداوی نوێدا کە ئاڕاستەی ئاوەکان بەرەو هەردوو رووباری دیجلە و فورات دەبن لە ناوچەکانی هەرێم و عێراق، کە هۆکاردەبن بۆ دابینکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاو و رووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی.













گەلەری