سەردێڕ:

شەش بانکی دیکە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە سزا دەدرێن

PM:09:57:24/02/2024

25580 جار خوێندراوەتەوە

‎چاوگێک لە بانکی ناوەندیی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بانکی ناوەندیی لیستێکی دیکەی ئامادە کردووە کە لە شەش بانکی عێراقی پێکدێن و دەخرێنە لیستی سزادراوەکانەوە. دەشڵێت، " دوای ئەوەی سزا دەدرێن ئەو بانکانە ناتوانن بەهیچ جۆرێک مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن".


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بانکی ناوەندیی بڕیاری داوە شەش بانکی دیکەی عێراقی سزا بدات و سەرجەمیان مۆڵەتی مامەڵەکردنیان بە دۆلارەوە لێ قەدەغە دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئەو شەش بانکە نوسراوی بانکی ناوەندییان پێگەیشتووە بۆ سڕکردنی کار و چالاکییەکانیان تا رۆژی دووشەممە ۲٥ـی شوبات.

وتیشی، "چوار لەو بانکانە بەهۆی مامەڵەکردنی نادروست بە دۆلارەوە و دوانەکەی دیکەش بەهۆی بەشداریکردن لە مامەڵەی سپیکردنەوەی دراوەوە سزا دەدرێن".

هاوکات، چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی سیستمی بانکی عێراق، بەر لەوەش لەرێی رێکارەکانیانەوە ئەو بانکانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری دۆلار و سپیکردنەوەی دراو لە لیستی بانکەکاندا سزادەدرێن و تەنها دەتوانن مامەڵەی ناوخۆی بکەن.

رۆژی ٤ـی مانگی شوبات بانکی ناوەندیی عێراق هەشت بانکی سزا دا و رایگەیاند، ئەو هەشت بانکەی سزا دراون ناتوانن هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی دۆلار لەگەڵ بانکەکایاندا بکەن. وتیشی، سزادانی ئەو بانکانە لە چوارچێوەی ئەو رێکارانەدا بووە کە بانکەکە بۆ سنووردارکردنی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە و بەکارهێنانی دۆلار بە شێوەیەکی نایاسایی گرتوویەتیە بەر.













گەلەری