سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق: لێکتێگەیشتنەکان ئەرێنین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

PM:03:11:24/02/2024

2448 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا لێکتێگەیشتنی ئەرێنی هەیە بۆ رێککەوتن و یەکلایی کردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتیەکان وهەرێم. دەشڵێت، "کۆمپانیای سۆمۆ بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ".


ئەمڕۆ شەممە، حەیان عەبدولغانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ رۆژنامە عەرەبییەکانی راگەیاند، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا و بەتیابەت گرێبەستی کۆمپانیاکان دانسوتان کراوە و لێکتێگەیشتنەکانیشیان ئەرێنین.

ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێندراوە بۆ بەدواداچوون و یەکلاکردنەوەی وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە گوێرەی دەستوور کە کۆمپانیای سۆمۆ بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامدانی گرێبەستە نەوتییەکان.

باسی لەوەش کرد، حکومەتی کاربەرێکەر چی دیکە ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامبدا و رێککەوتنیش کراوە کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات.

دەشڵێت، "داهاتی نەوتی هەرێم گرنگە بۆ تەواوکردنی بودجە و بڕیاریشە بۆ ئەمساڵ پشت بە نەوتی هەرێم ببەسترێت بۆ تەواوکردنی داهاتی نەوتی".

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەک حکومەتی ناوەند سوورن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەوڵ دراوە و تا ئێستاش کۆبوونەوەکانیان لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە.

ئەوەشی خستە روو، بە گوێرەی ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا کراوە نەوتی هەرێم لەرێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی سۆمۆوە بازاڕکردنی بۆدەکرێت و لەژێر سەرپەرشتی ئەو کۆمپانیایەدا دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٢٥ی ئازاری ساڵی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی دادگای پاریسی لەسەر دۆسیەی نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردووەتەوە. تورکیاش وتی، "رێز لە بڕیارەکەی دادگای پاریس دەگرین."

دواتر بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا و بڕیارە لە دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر تەواوی پرسەکان هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.













گەلەری