سەردێڕ:

یەکێک لە گەورەترین باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیرکران؛ سەرۆکی باندەکە کورد بووە

PM:10:20:23/02/2024

3848 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی پۆلیسی ئەوروپا "یۆرۆپۆڵ" رایگەیاند، توانیویانە یەکێک لە گەورەترین و چالاکترین باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە هەڵبوەشێننەوە و ١٩ قاچاخچی دەستگیر بکەن کە یەکێکیان سەرۆکی باندەکەیە و کوردە.


ئاژانسی پۆلیسی ئەوروپا "یۆرۆپۆڵ" رایگەیاند، دوای ساڵێک لە لێکۆڵێنەوە، باندێکیان بە تۆمەتی قاچاخچیکردن بە مرۆڤەوە هەڵوەشاندووەتەوە و ١٩ کەس لەو باندە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەلجیکاوە دەستگیر کران.

ئاماژە بەوەش کرد، ئەو باندە یەکێک بووە لە چالاکترین و گەورەترین باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە و سەرۆکی باندەکە کوردی عێراق بووە و لە ئێستادا دەستگیر کراوە.

ئەوەشی خستە روو، ئەو باندە لە چینەوە چووپی کوالێتی نزمیان کڕیووە و لە چەندین کۆگای جیاوازدا لە ئەڵمانیا هەڵیانگرتووە تاوەکو رەوانەی فەڕەنسای بکەن و لە نۆکەندی ئینگلیزییەوە کۆچبەری پێ بگوازنەوە بۆ بەریتانیا.

باسی لەوەش کرد، لەلایەن ئەو باندەوە بە تێکڕا ٥٠ کۆچبەر بە چوپێک دەگوازرانەوە کە تەنها بۆ ١٠ سەرنشین گونجاو بووە، هەروەها بڕی هەزار بۆ سێ هەزار یۆرۆ لە هەر کۆچبەرێک وەرگیراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٢٩ هەزار و ٤٠٠ کۆچبەر لە کەناراوەکانی فەڕەنساوە بە رێگەی قاچاخ پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٤٥ هەزار و ٧٠٠ کۆچبەر بە هەمان شێوە چوونەتە خاکی بەریتانیا.













گەلەری