سەردێڕ:

پارێزگاری بانکی ناوەندیی: هیچ کێشەیەک لە نەختینەی دینار لە بانکەکەدا نییە

PM:05:08:23/02/2024

3176 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە نەختینەی دیناری عێراقی لە بانکەکەدا نییە و ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.


ئەمڕۆ هەینی، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، بانکی ناوەندیی هاوشێوەی وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییانەی پەیوەستن بە نەختینەی دیناری عێراقی لە بانکەکەدا.

باسی لەوەش کرد، ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە بوونی کێشە لە نەختینەی دیناری عێراقی لە بانکەکەدا بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و هیچ کێشەیەک لەو بارەیەوە نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا میکانیزمی نوێ بۆ گەشتیاران بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بەردەست دەبێت و لە ئێستادا بانکی ناوەندی سەرقاڵی پەرەپێدانی میکانیزمەکانە تاوەکو گەشتیاران بتوانن بە ئاسانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بەدەست بهێنن.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی ئاڵوگۆڕکردن و بانکەکانی دابەشکردنی دۆلار رێکارەکانیان بۆ پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران تەواو کردووە.

وتیشی، لە ئایندەیەکی نزیکدا میکانیزمەکە بە تەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گەشتیارەکان لەڕێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی دۆلار لە فڕۆکەخانەکانەوە بە نرخی فەرمی پێشکەش بکەن و سوود مەند بن لە میکانیزمەکە.













گەلەری