سەردێڕ:

ناتۆ: روسیا هیچ مەترسیەکی سەربازی بۆسەر هاوپەیمانێتی ناتۆ دروست نەکردووە

AM:10:55:15/02/2024

1352 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، هاوپەیمانییەتی ناتۆ هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی لە روسیا بۆسەر وڵاتەکانی نابینێت و لە ئێستاشدا هەڕەشە نییە لەسەر هاوپەیمانێتی وڵاتەکانیان. دەشڵێت، "وڵاتەکانمان پارێزراون".


یانس ستۆڵنبێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ لە میانی وتارێکدا لە برۆکسل رایگەیاند، وڵاتانی ناو هاوپەیمانییەتی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ" هیچ مەترسییەکی سەربازی لە روسیاوە نابینن بۆسەر وڵاتەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها مەترسی بەردەوامی هێرشی تێکەڵاو هەیە، وەک هێرشی ئەلیکترۆنی و کردەوەی دیکەی لەو شێوەیە دژی هاوپەیمانان کە دەکرێت لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تا ئەمڕۆ لە هەمان ئاستدا بووبێت.

 

باسی لەوەش کرد، وڵاتانی ناو هاوپەیمانەتییەکە هەمیشە سەرقاڵی پەرەپێدانن بە خۆیان لەگەڵ گۆڕینەوەی زانیاری و ئاژانسە هەواڵەکانیان بۆ ئەوەی وڵامی هەر هێرشێک بدەنەوە کە هەر وڵاتێک بکاتە ئامانج یا هەر پێگەیەکی ناتۆ.

ئەوەشی خستووەتە روو، بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخی سنوورەکانی وڵاتانی ناتۆ لەگەڵ روسیا بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی هەر هێرشێکی نەخوازراوی لەناکاو بدەنەوە کە لەلایەن روسیاوە ئەنجامبدرێت یاخود ویستی ئەنجامدانیشی هەبێت.

لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ، بەدیدێکی دیکەوە لە روسیا دەڕوانن بەهۆی ئەوەی سەرباری بوونی هێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روسیا لەشکرکێشی خۆی بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد.

لەو کاتەشەوە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا سزای توندیان بەسەر روسیادا سەپاندووە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا مامەڵە بازرگانی و سیاسییەکانیان لەگەڵدا کەمکردووەتەوە.













گەلەری