سەردێڕ:

هێرشی گروپەچەکدارەکانی یەمەن زیانی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە بە میسر دەگەیەنێت

AM:11:57:13/02/2024

1084 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێرشی گروپەچەکدارەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوردا زیانی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هەر مانگێک لەسەر میسر دەبێت. دەشڵێت، " بەردەوامی هێرشەکان کاریگەری لەسەر نرخی بیمە و ئاستی گواستنەوەی جیهانی دروست دەکات."


کریستالینا جۆرجیڤا بەڕێوەبەری گشتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی گروپەچەکدارەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوردا جگە لە زیانی ماددی بۆسەر وڵاتی میسر، کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان بەگشتی دەبێت بەوپێیەی بەهۆیەوە هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ ئاستی نیوە دابەزیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، گەورەترین زیانی ماددی لە ئەنجامی هێرشەکانەوە بۆسەر وڵاتی میسر بووە کە بەهۆیەوە مانگانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار زیان بەو وڵاتە دەگات، لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانیش نرخی شتومەک لە وڵاتەکەدا بەرز دەبێتەوە.

وتیشی، سەرباری زیانە ماددییەکان کاریگەری هێرشەکان لەسەر ئابووری جیهان بە گشتی، پێویستە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بەردەوام بێت لەپێناو زیادکردنی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی رێژەی گەشەکردن.

لای خۆشییەوە، ئیبراهیم عەشماوی سەرۆکی دەزگای پەرەپێدانی بازرگانی ناوخۆ و بەرپرسی ئاڵوگۆڕی کاڵا لە میسر باسی لەوە کرد، لەڕێگەی زیاتر لە ٢٢ سەرچاوەی دیکەوە جگە لە دەریای سور دەتوانن بەردەوام بن لە هاوردەکردنی گەنم بۆ وڵاتانی جیهان و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی دەوڵەت.

ئەوەشی خستە روو، نرخی گەنم لە جیهاندا بەڕێژەی ٢٪ بۆ ٢.٥٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، نرخەکەی بە نزیکەی ٢٨٠ دۆلار بۆ هەر تۆنێک تۆمارکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە گروپەچەکدارەکانی یەمەن بەبەردەوامی هێرشی موشەکی دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوردا و دەستیان بەسەر چەندین کەشتی بازرگانیدا گرتووە.

ئەو هێرشانەش کاریگەری خراپیان لەسەر هاتوچۆی کەشتیوانی لەو ناوچە ستراتیژییەدا دروستکردووە کە ١٢٪ـی بازرگانی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.













گەلەری