سەردێڕ:

روسیا و ئۆکرانیا ٢٠٠ سەربازی دیلیان لەنێوان یەکدا ئاڵوگۆڕ کرد

PM:07:46:09/02/2024

1352 جار خوێندراوەتەوە

روسیا و ئۆکرانیا رایانگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتی ئیماڕات، ٢٠٠ سەربازی دیلیان لە نێوان یەکدا ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەمەش بە شەشەمین رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دێت.


وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، بە نێوەندگیری ئیماڕات ١٠٠ سەربازی دیلی ئۆکرانیایان بەرامبەر بە ١٠٠ سەربازی دیلی روسیا ئاڵوگۆڕ کردووە و لە ئێستادا ئەو سەربازانەی گەڕاونەتەوە روسیا پشکنینی پزیشکییان بۆ ئەنجام دەدرێت.

لای خۆشیەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی ئەو سەربازانەی گەڕاونەتەوە ئەو سەربازانە بوون کە بەشدارییان لە جەنگێکی سێ مانگیدا کرد لەگەڵ روسیا بۆ بەرگریکردن لە بەندەری ماریۆپۆڵ لەسەر دەریای ئازۆف، بەڵام دواتر لەلایەن روسیاوە داگیرکرا.

هاوکات لیژنەی هەماهەنگی ئۆکرانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگدا رایگەیاند، ٢٨ لەو سەربازە دیلانەی گەڕاونەتەوە ئۆکرانیا بریندار و نەخۆش بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو بۆ جاری پێنجەم روسیا و ئۆکرانیا ٤٠٤ سەربازی دیلیان ئاڵوگۆڕ کرد کە ١٩٥ـیان سەربازی روسیا بوون و ٢٠٧ـی دیکەشیان سەربازی ئۆکرانیا بوون.

لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ جەنگی روسیا و ئۆکرانیا دەستی پێکرد و تاکو ئێستاش بەردەوامی هەیە و بە دەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون و زیاتر لە شەش ملیۆن ئۆکرانیش ئاوارە بوون.













گەلەری