سەردێڕ:

١٣ کۆچبەر لە کەناراوەکانی تونس گیانیان لەدەستدا

PM:10:20:08/02/2024

1164 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری تونس رایگەیاند، بەلەمێک بە زیاتر لە ٤٠ کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە نقومبووە. دەشڵێت،" تا ئێستا توانیومانە تەرمی ١٣ کەسیان بدۆزینەوە و ٢٧ کەسی دیکەشیان بێ سەروشوێن بوون."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرید بن جوحا وتەبێژی دادوەری تونس رایگەیاند، ٤٢ کۆچبەر لە کەناراوەکانی ناوچەی جەبنیانا سەر بە پارێزگای سفاکس لە رۆژهەڵاتی تونسەوە بەڕێکەوتوون بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لە رووداوێکی گوماناویدا بەلەمەکە نقومبووە و بەشێک لە کۆچبەرەکان بێ سەروشوێن بوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوا بەدوای رووداوەکە دەستیان کردووە بە هەڵمەتی گەڕان بەدوای کۆچبەرەکان، دوو کۆچبەریان رزگارکردووە و توانیویانە تەرمی ١٣ کەسیان بدۆزنەوە و ٢٧ کەسی دیکەیان بێ سەروشوێن بوون کە سەرجەم کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکە بە رەگەز خەڵکی سودانن.

جەختیشی لەوە کردەوە، وا گومان دەکەن کە لەلایەن ئەو گروپانەوە فریودرابێتن کە بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەکەن.

دەشڵێت،'' تیمە دەریاییەکانی تونس بەردەوامن لە هەڵمەتی گەڕان بەشوێن ونبووەکاندا''.

تونس هاوشانی لیبیا، خاڵی دەستپێکی سەرەکییە بۆ هەزاران کۆچبەر کە دەیانەوێت بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.

هاوکات، بە پێی بڵاوکراوەی پاسەوانی نیشتیمانی کەناراوەکانی تونس تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، توانیویانە ٦٩ هەزار و ٩٦٣ کۆچبەر دەستگیر بکەن کە دەیانویست لە رێگەی کەناراوەکانی تونسەوە بگەن بە وڵاتانی ئەوروپا.













گەلەری