سەردێڕ:

١٨ کۆچبەری کورد لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتی عێراق کرانەوە

PM:09:35:04/02/2024

8328 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، شەوی رابردوو لەلایەن پۆلیسی بەرلینەوە زیاتر لە ٢٠ کۆچبەری عێراقی کە ١٨ کەسیان کورد بوون لە ئەڵمانیاوە بە زۆرەملێ دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، زیاتر لە ٢٠ کۆچبەری عێراقی کە ١٨ کەسیان کورد بوون دوێنێ شەو ٣ـی شوبات لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن پۆلیسی بەرلینەوە بە زۆرەملێ سەر فڕۆکە خراون و دواتر فڕۆکەکە لە هەولێر نیشتووەتەوە، بەڵام رێگەیان نەداوە لە هەولێر دابەزن و فڕۆکەکە رۆشتووەتە بەغدا و لەوێ دابەزیوون.

ئەوەشی خستە روو، ئەو کۆچبەرانە بە فڕۆکەیەکی مەدەنی دیپۆرت کراونەتەوە و چەند پاسەوانێک کە بەشێکیان کورد بوون بەردەوام چاودێری ئەو کۆچبەرانەیان کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٩ـی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەڵمانیا نزیکەی ٣٠ کۆچبەری کورد و عێراقی بەرەو بەغدا دیپۆرتکردەوە و لەو ژمارەیەش زۆرینەیان کورد بوون.

رۆژی ١٨ـی مانگی کانوونی دووەمیش، میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای خێراکردنی ناردنەوەی کۆچبەرانی پەسەند کرد.

هاوکات، بەپێی یاسا نوێیەکە لەو وادەیەوە مۆڵەت درا بە دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیا کە دەکرێت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کۆچبەران دەستگیر بکەن و پێش دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ماوەی ٢٨ رۆژ لە سەنتەرەکانی دیپۆرتکردنەوە بیانهێڵنەوە.
هەڵگورد عومەر - ئەڵمانیا













گەلەری