سەردێڕ:

ناتۆ خۆی بۆ گەورەترین مانۆڕی سەربازی ئامادە دەکات

PM:12:16:25/01/2024

1616 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناتۆ رایگەیاند، گەورەترین مانۆری سەربازی لە ناو وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجام دەدرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٤، کە لە دوای جەنگی ساردەوە مانۆڕی لەم شێوەیە ئەنجام نەدراوە، دەشڵێت، مانۆڕەکە بە بەشداری ٩٠ هەزار سەرباز و ٣١ وڵاتی هاوپەیمانی ناتۆ دەبێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆب پاوەر سەرۆکی لیژنەی سەربازی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" رایگەیاند، ئەندامانی ناتۆ بڕیاریاریانداوە بە ئەنجامدانی گەورەترین مانۆڕی سەربازی بە ناوی ستێدافاست بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێوانیاندا بە بەشداری ٣١ وڵاتی هاوپەیمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە گەورەترین مانۆڕی سەربازی دەبێت لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ لەدوای جەنگی ساردەوە کە ناسراوە بە بەرگریکاری جێگیر.

لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە، مانۆڕەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا و پۆڵەندا لەگەڵ وڵاتانی بەڵتیک ئەنجام دەدرێت بە بەشداریکردنی ئەندامی ناتۆ لەگەڵ وڵاتی سوید کە پیکدێن لە ٩٠ هەزار سەرباز و ٥٠ کەشتی و ٨٠ فڕۆکەی جەنگی.

ئەوەشی خستەڕوو، مانۆڕەکە لە مانگی شوبات و ئازاری ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت لانیکەم لەو ماوەیەشدا ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ گەشتی ئاسمانی ئەنجام بدرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەم مانۆڕە ئەگەر ئەنجامبدرێت گەورەترین مانۆڕ دەبێت لە دوای مانۆڕی "ریفۆرجەر" لە کاتی جەنگی سارد لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە.













گەلەری