سەردێڕ:

پێنج کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزیدا خنکان

PM:03:07:14/01/2024

1516 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران لەکاتی پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزیدا وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە پێنج کۆچبەر خنکان کە خەڵکی عێراق و سوریا بوون و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران کە ٧٠ کەسی تێدابووە لەکاتی پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزیدا پێش ئەوەی بگاتە ئاوی بەریتانیا وەرگەڕاوە و لە ئەنجامدا پێنج کۆچبەر خنکاون.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، جگە لەو پێنج کۆچبەرەی خنکاون کۆچبەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری بولۆنیۆ سۆمێغ لە فەڕەنسا.

باسیان لەوەش کردووە، لەدوای رووداوەکە نزیکەی ٥٠ تیمی فریاگوزاری و ژمارەیەک لە هێزەکانی پۆلیس رەوانەی ناوچەکە کراون.

بەپێی زانیارییەکان، وەرگەڕانی ئەو بەلەمە و گیان لەدەستدانی ئەو پێنج کۆچبەرە دوای پەڕینەوەی یەکەم بەلەمی کۆچبەران دێت لەڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە لە ساڵی ٢٠٢٤.

پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردبوو، لە ماوەی ٢٦ رۆژ پێش ١١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەهۆی خراپی کەشوهەوا هیچ بەلەمێکی کۆچبەران بە کەناڵی ئینگلیزیدا تێپەڕنەبووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی رابردوودا رێژەی پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزیدا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی ٣٦٪ کەمی کردووە بەوپێیەی رێژەی پەڕینەوە لە ساڵی رابردوودا ٢٩ هەزار ٤٣٧ بووە و لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٤٥ هەزار و ٧٧٤ پەڕینەوە لەو کەناڵەدا تۆمارکراوە.













گەلەری