سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانیی لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەند پەتایەکەوە هۆشداری دەدات

PM:01:06:04/01/2024

5748 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە وڵاتانی جیهان پێویستیان بە ئامادەکاری تەواو هەیە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و پەتا لەمساڵدا.


پسپۆڕانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا، وڵاتانی جیهان لە بەردەم بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و پەتای کوشندەدان، هەر بۆیە پێویستە ئامادەکاری پێشوەختە بکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەیان.

کۆڤید-١٩ـی گۆڕاو

یەکێک لەو پەتایانەی کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەوە دەدات، کۆڤید-١٩ـی گۆڕاوە، کە لە توانایدایە بە شێوەیەکی خێرا بە وڵاتانی جیهاندا بڵاو ببێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەوبارەیەوە و لە ئێستادا مەترسییەکانی لە ئاستێکی نزمدایە، بەڵام بەراورد بە کۆڤید-١٩، خێراتر بڵاو دەبێتەوە و کاریگەری زیاتر لەسەر تووشبووەکان بەجێ دەهێڵێت.

ئاوڵەی مەیموون

یەکێکی دیکە لە نەخۆشییەکان کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەوە دەدات ئاوڵەی مەیموونە، کە نەخۆشیەكی دەگمەنی ڤایرۆسیی گواستراوەیە و لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە و ئەگەری گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە ٪١٠ـەیە، واتا لە ١٠ نەخۆش کەسێکیان گیان لەدەست دەدات.

تای خوێنبەربوون

تای خوێنبەربوون یەکێکی دیکەیە لە مەترسییەکانی ئەمساڵ، هەرچەندە ئەگەری بڵاوبوونەوەی لەو وڵاتانەدا زیاترە کە دەکەونە سەر هێڵی کەمەرەیی، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ئێستادا مەترسی بڵاوبوونەوەی سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و پسپۆڕانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە سەرجەم وڵاتان ئامادەکاری پێشوەختە بکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی.

سوورێژە

حاڵەتەکانی تووشبوون بە سوورێژە کە یەکێکە لە نەخۆشییە گوازراوەکانی جیهان، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە ئەوروپا بە رێژەی زیاتر ٪٣٠٠٠ هەزار زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەوە بدات و هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی کوتانی خەڵکی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە لەدوای ساڵی ٢٠٢٠ـەوە.

هەرچەندە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەند پەتایەکەوە دەدات، بەڵام ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەردەوام هۆشداری دەدەنە وڵاتانی جیهان و لە هەوڵی ئەوەدان بە تەواوی رێگری لە بڵاوبوونەوەیان بگرن.













گەلەری