سەردێڕ:

پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا ژمارەی دانیشتوانی جیهان بگاتە زیاتر لە ٨ ملیار کەس

PM:08:48:29/12/2023

1556 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرژمێری ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی جیهان لەماوەی ٣٦٢ رۆژی رابردوودا ٧٥ ملیۆن کەس زیادیکردووە و پێشبینیش دەکرێت لە سەری ساڵدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان بگاتە زیاتر لە هەشت ملیار کەس.


ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی ئامار و سەرژمێری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ساڵی رابردوودا رێژەی گەشەی دانیشتوانی جیهان کەمتر بووە لە ١٪ و رێژەی گەشەی دانیشتوانی ئەمریکا ٠.٥٣٪ بووە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی رێژەی گەشەی دانیشتوانی جیهان ئەوەش بەهۆی زۆری رێژەی کۆچکردن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەمساڵدا ژمارەی دانیشتوانی ئەمریکا یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسی زیادی کردووە و پێشبینیش دەکەن لە سەری ساڵی نوێدا بگاتە نزیکەی ٣٣٦ ملیۆن کەس.

باسی لەوەش کردووە، نزیکەی ١٢ ساڵی خایاندووە تاوەکو ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە حەوت بۆ هەشت ملیار کەس زیادیکرد بەڵام بەپێی پێشبینییەکان ئەگەر ژمارەی دانیشتوان لە هەشت ملیارەوە بگاتە نۆ ملیار کەس ئەوا پێویستی بە نزیکەی ١٤ ساڵ و ٦ مانگ دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا دەستەی سەرژمێری جیهانی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئاستی گەشەی دانیشتوانی عێراق بەڕێژەی ٢.٣١٪ بێت و تا کۆتایی ساڵ رێژەکە بگاتە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەس کە ٢٤ ملیۆن و ٨٩٤ هەزار و ٧٢٤ کەسیان لە سەرووی ١٨ ساڵەوە دەبن و رێژەیەکی کەمی پیر و منداڵ دەبن.













گەلەری