سەردێڕ:

ژاپۆن لە قوربانی چەکی ئەتۆمەوە بۆ یەکێک لە سەرکەوتوترین کەرتی پەروەردەکانی جیهان

PM:02:44:22/09/2023

1956 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتی ژاپۆن دورگەیەکە کە دەکەوێتە ئەوپەڕی خۆرهەڵاتی کیشوەری ئاسیا و بە زەریای هێمن دەورە دراوە، سەرەڕای مێژووە پڕ کاولکاریەکەی، بەڵام بەهۆی سیستمە خوێندنە ناوازەکەیەوە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتانی سەرگۆی زەوی دادەنرێت.


ئەو خاڵە بەهێزانە چین لە سیستمی پەروەردەی ژاپۆندا کە وایان کردووە ئەو وڵاتە لە کاولەیەکی جەنگی ئەتۆمەوە ببێت بە یەکێک لە هەرە پێشکەتوترین وڵاتەکان؟.

١. لە زووەوە خەڵکی ژاپۆن خوێندەواریان لا پیرۆز و گرنگ بووە، هەر ئەمەش وایکردووە رێژەی خوێندەواری بۆ ٩٩٪ـی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بەرزببێتەوە.

٢. بە رواڵەت خوێندنگەکانی ژاپۆن و وڵاتانی رۆژئاوا هاوشێوەن، بەڵام ئەوەی خوێندنگەکانی ژاپۆن جیادەکاتەوە ئاستی پەروەردە بەرزەکەیەتی، کە ئەم پەروەردەکردنەش بووەتە بەردەبازی ژپۆنییەکان بۆ دەربازبوون لە گێژاوی گیروگرفت و نەهامەتییەکان.

٣. لە سەرتاسەری خوێندنگەکانی ژاپۆندا کارگوزار بوونی نییە، بەڵکو خوێندکارەکان و بەڕێوەبەر و مامۆستاکانخوێندنگەکەیان پاکدەکەنەوە.

٤. خوێندنگەکانی ژاپۆن هەموو ئەوشتانە فێری خوێندکارەکانیان دەکەن کە لەماوەی ژیانیاندا پێویستیان پێی دەبێت، بە تایبەت رێزگرتن لە کەسانی تر و فێربوونی خووە باشەکانی ژیانی رۆژانە لە پێناو تەندروستییەکی جێگیردا.

٥. بەدرێژایی ساڵ هاوڵاتیانی ژاپۆن لە کارکردن ناوەستن و بەردەوام لە هەوڵدان و نوێگەریدان، بەتایبەت مامۆستاکان، لە پشوی هاوینیشدا دەچنەوە خوێندنگەکان و خۆیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادە دەکەن.

٦. ژاپۆن نیشتیمانی هاوسەنگییە، خوێندنگەکانی ژاپۆنیش زۆر گرنگی بە ڕاگرتنی هاوسەنگی دەدەن لەناو خوێندکارەکاندا و دەبێت هەموویان یەکگرتوو یەک ریزبن و هیچ خوێندکارێک لە خوێندکارێکی تر جیاوازنەبێت، تەنانەت دەبێت لە ژەمەکاندا یەک جۆر خواردن بخۆن.

٧.سەرەڕای خوێندنی وانەیەکی زۆر، بەڵام خوێندکارەکان بێ بەشنیین لە وەرزشکردن، خوێندنگەکانی ژاپۆن یانەی وەرزشیان بۆ خوێندکارەکانیان دابین کردووە و خوێنکار سەرپشکانە دەتوانێت بەر لە دەستپێکی رۆژەکە و دووای خوێندنی وانەکان وەرزشبکات.

٨. تەنانەت لە کاتی وانەکانیشدا، ئەگەر خوێندکارێک زۆر ماندوو بوو، مامۆستاکان رێگەی دەدەن بخەوێت و پشو بدات.

٩. رێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ژاپۆندا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە کە دەکاتە ٢.٢٧٪.

١٠. لەپێناو پاراستنی تەندروستی مێشک و دەرونی منداڵ تا ئێستاش ژاپۆن تەکنەلۆژیا بە رێژەیەکی زۆر کەم بەکاردەهێنێت لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.

١١. لە خوێندنگەکاندا، خوێندکاران لەسەر بەرگەگرتن لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین رادەهێندرێن.

١٢. لە ژاپۆندا بوون بە مامۆستا ئاسان نییە، هەرکەس بیەوێت ببێت بە مامۆستا دەبێت بە کۆمەڵێک فلتەری زۆر قورسدا تێپەڕببێت، چونکە ژاپۆن داهاتوی خۆی و پەروەردەکردنی ژاپۆنییەکان لە چاوی مامۆستاکانیدا دەبینێتەوە.

١٣. لە ژاپۆن ، مەرجە مامۆستا نوێیەکان بۆماوەی سێ ساڵ لە گەشتکردندا بن وە لەڕێگەی ئەم گەشتانەیانەوە زانیاری زۆرباش لە ناوچە جیاوازەکان کۆبکەنەوە.

١٤. خوێندکارەکان لەسەر هەمووشتێک راهێنانیان پێ دەکرێت، لەڕوی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکانیان تەنانەت شێوازی خواردن و خۆشۆردن و خەوتن.

١٥. لە سیستمی خوێندنی ژاپۆندا مانەوە لە قۆناغەکانی خوێندندا نییە، تەنانەت ئەگەر خوێندکار لە هەموو وانەکانیشدا دەرنەچێت. بۆ نەهێشتنی ترس و دڵەڕاوکێ و گوشاری دەرونی لەسەر خوێندکاران ئەو ساڵەیان بە دەرچوو بۆ هەژماردەکرێت.













گەلەری