سەردێڕ:

رۆژنامەیەکى بەریتانى: عێراق توانای هەیە لە گەندەڵی رزگاری ببێت

PM:11:22:27/06/2023

1744 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەیەکى بەریتانى راپۆرتێکى لەبارەى چۆنێتى دەربازبوونى عێراق لە گەندەڵییەوە بڵاوکردوەتەوە و نوسەرى راپۆرتەکە ئاشکرایکردوە، ئەگەر سیاسەتمەداران و جێبەجێکاری یاسا لە عێراق، ئیرادەی ئەرێنیان هەبێت دەتوانرێت عێراق لە سنووری گەندەڵی دەربهێنرێت و سامانی ئەو دەوڵەتە بۆ داهاتوی باشتری خەڵکەکەی بەکاربهێنرێت، دەشڵێت "لە چارەنووسی هیچ وڵاتێکدا نەبووە بۆ هەتا هەتایە لە گەندەڵیدا بچەقێت".


ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژنامەی زە ناشیۆناڵی بەریتانی بڵاویکردەوە، چەند وڵاتێک رووبەرووی گەندەڵی بوونەتەوە بەڵام کەمێکیان هاوشێوەی عێراق بە دەستییەوە دەناڵێنن، بە جۆرێک لە لیستی وڵاتانی گەندەڵکار لە ریزبەندی ١٥٧هەمیندایە و لیستەکەش لەلایەن رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی رابردوو بڵاوکراوەتەوە.

رۆژنامە بەریتانیەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەشداوە، لیژنەیەکی حکومیی عێراق تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی هەبوو بەڵام خۆی لە فێڵ و تەڵەکەدا شارەزابوو ئەویش لیژنەی ٢٩ بوو کە لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دامەزرابوو دوای دەستگیرکردنی چەندین بەرپرسی باڵا و بازرگانی گەورە، لایخۆیەوە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە کاروباری ئەو لیژنەیە بکات.

رۆژنامەکە باسى شکستى ئەو لیژنەیەى کردوە کە لەلایەن کازمیەوە پێکهێنرا و دواتر لیژنەکە گومانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لێکرا و دەنگۆ هەبوو کە ئەو لیژنە ئەمنییە ئەشکەنجەدانی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وا لە کەسێک بکات دان بە تاوانێکدا بنێت و دوای لێکۆڵینەوەکان نۆ بەرپرسی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

جگە لەو لیژنەیەش محەممەد عانی سەرۆکی سندوقی ئاوەدان کردنەوەی دوای جەنگی داعش بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و ئەویش یەکەم بەرپرسی حکومەتی نوێی عێراق بوو کە لە کارەکەی دوور بخرێتەوە لە کاتێکدا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو پۆستی وەرگرتبوو.

رۆژنامەى زە ناشیۆناڵى بەریتانى لە راپۆرتەکەیدا رێگاى دەربازبونى عێراقى لە گەندەڵى ئاشکرا کردوە و نوسیویەتى، زۆربەی عێراقییەکان بە دەست کێشەی گەندەڵی لە نێو وڵاتەکە بێزارن و زۆرجار حزبە سیاسییەکانی تۆمەتبار دەکەن و سەرەڕای ئەوەی گەندەڵی رەگی داکوتیوە لەو وڵاتەدا، بەڵام رێگایەک بوونی هەیە بۆ ئەوەی بە توندی رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، ئەویش لە رێگەی کەسایەتییە دادپەروەر و شەفافەکان، دروست کردنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی مەدەنی بەهێز کە پێکهاتبێت لە پارێزەر و دادوەر و رۆژنامەنوسان و ئەکادیمی رێگایەکە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی.

راپۆرتەکە نمونەى وڵاتانى ترى هێناوەتەوە و ئاماژەى بەوەکردوە، وڵاتانی دیکە گەندەڵییان تێدا بووە بەڵام ئێستا سەرکەوتوون، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٩٥ ئەندەنوسیا لە ریزبەدنی کۆتایی وڵاتانی شەفافدا بوو لە ساڵی رابردووش چووە ریزبەندی ١١٠ی شەفافترین وڵاتانی جیهان ئەم باش بوونەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستانەوەی دەوڵەتەکە ئەویش بە پێکهێنانی دەستەیەکی دادوەری تایبەت بە گەندەڵی.

رواندا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی بەکۆمەڵکوژی و ناکۆکی ناسراوە لە ساڵی نەوەدەکان، نموونەیەکی بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی بەکارهێنا ئەویش لە رێگەی سەپاندنی دیسپلینێکی تووند بەسەر دەسەڵات و کەرتی گشتی و بە سیاسی کردنی جەماوەر لە رێگەی فێرکردنەوە و خۆبەخشی تاکەکەسی بۆ گەیشتن بە چاکسازی گشتی.

سەرەڕای نموونەکانی سەرکەوتن یەک چارەسەری خێرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوونی نییە، بەڵکو ئەوانەی دژی گەندەڵی دەوەستنەوە زۆرجار بە خەباتێکی درێژخایەندا تێپەڕ دەبن و لە چارەنووسی هیچ وڵاتێکدا نەبووە هەتاهەتایە لە گەندەڵیدا بمێنێتەوە ئەگەر سیاسەتمەداران و جێبەجێکردنی یاسای ئیرادەی ئەرێنی هەبێت ئەگەری زۆرە عێراق لە سنووری گەندەڵی دەربهێنرێت و سامانی ئەو دەوڵەتە بۆ داهاتوویەکی باشتری خەڵکەکەی بەکاربهێنرێت.













گەلەری