سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەسەر موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم

PM:03:09:02/06/2023

83388 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار لە بەردەست حکومەتی کاربەرێکەری هەرێمدایە و دەتوانرێت لە ماوەی ١٠ رۆژدا موچەی ١٦ دەستە و وەزارەت دابەشبکات، بەڵام حکومەت چاوەرێی ئەوە دەکات موچەی مانگی ئایار بە تەواوی لەلایەن بەغداوە دابین بکرێت.


بە گوێرەی بەدواداچوونی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، لە ماوەی مانگی رابردوودا بڕی یەک ترلیۆن دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە و لەو بڕە ١٠٠ ملیار دینار ماوە و بەپێ وتەی حکومەتی هەرێمی کاربەڕێکەریش لە موچەی مانگی ئازار بڕی ١٧٥ ملیار دینار لە گەنجینەی حکومەت ماوە.

هاوکات، دەروازە سنورییەکانی هەرێمیش مانگانە بڕی ٤٠٠ ملیار دینار پەیدا دەکەن واتە لە ئێستادا زیاتر لە ٦٧٥ ملیار دینار لە گەنجینەی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم هەیە و لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە بڕی ٣٠ ملیار دینار بۆ موچەی پێشمەرگە دەنێردرێت واتە زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار لە بەردەستدایە.

بڕیارە حکومەتی بەغداش پارەی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و بە حکومەتی کاربەرێکەری هەرێمیان وتووە، "کەی کاتی دابەشکردنی موچە هات ئەوا پارە دەنێرین."

بەڵام تائێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم لیستی موچەی مانگی ئایاری بڵاونەکردووەتەوە، لە کاتێکدا بڕیاربوو لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لیستی موچە بڵاوبکرێتەوە.

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بە بڕە پارەی بەردەستی ئێستای حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم و پێش ئەوەی بەغدا پارە بنێرێت حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم دەتوانێت لە ماوەی تەنها ١٠ رۆژدا موچەی ١٦ وەزارەت دابەشبکات.

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری