سەردێڕ:

شارەزایەکی بواری کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێم دەکات

PM:08:09:23/03/2023

44400 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە کەشوهەوایەکی ناجێگیر روو لە وڵاتدەکات و رۆژی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو لەناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا باراندەبارێت بەهەرێمی کوردستانیشەوە.


نائیل ئەلعەلی شارەزای بواری کەشناسی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە روو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە و سبەینێ هەینی لەسەرتاسەری وڵاتدا کەشوهەوا جێگیردەبێت، بەڵام لە هەرێم ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری بارینی نمەباران لەناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی و دهۆک هەیە.

دەشڵێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور کەشەکە بەهارە دەبێت و هیچ بارانێک نابارێت.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی نائیل ئەلعەلیدا هاتووە، سبەینێ هەینی پلەکانی گەرما لە هەرێم بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٣ پلەی سەدی دەبێت بەشێوەیەک لە ناوچە شاخاوییەکان نزمترین پلە ١٤ پلەی سەدەی دەبێت و لە سلێمانی و دهۆکیش ١٩ پلەی سەدی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ناوچەکانی ناوەڕاستدا پلەکانی گەرما لە نێوان ٢٥ بۆ ٢٧ پلە و لە ناوچەکانی باشور لە نێوان ٢٥ بۆ ٢٨ پلە و لە ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست ٢٧ بۆ ٢٩ پلە و لە ناوچەکانی خۆرئاوای وڵات ٢٣ بۆ ٢٤ پلەی سەدی دەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوودا کەشوهەوا لەسەرتاسەری وڵاتدا ناجێگیردەبێت و دواتر لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە ئاسمانی وڵات هەوری تەواودەبێت و لەناوچە جیاجیاکاندا باران بە بڕی جیاواز دەبارێت بەشێوەیەک لە هەندێ ناوچە بارانی بەلێزمەدەبێت و لە هەندێ ناوچەی دیکە نمەباراندەبارێت.

نائل ئەلعەلی لەکۆتایی راگەیەنراوەکەیدا ئەوشی ئاشکرا کردووە، کە ناجێگیربوونی کەشوهەوا دۆخێکی کتوپڕ و کورتماوەیە و کەشەکە بەهاری دەبێت، بەڵام لەهەندێ ناوچە باران بەخوڕ دەبارێت.


کـ - ئـ 












گەلەری