سەردێڕ:

روسیا: لە یەک بارودۆخدا چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا بەکار دەهێنین

PM:09:33:04/02/2023

12112 جار خوێندراوەتەوە

روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا هێرشبکاتە سەر نیمچە دورگەی قرەم ئەوا چەکی ئەتۆمی بەکار دەهێنێت و دەشڵێت، "ئامادەی دانوستان نین لەبارەی ئەو دورگەیەوە."


دێمیتری میدڤیڤ، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتیمانی روسیا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی هیچ سنوورێک دیاری ناکات لە بەرامبەر هەرهێرشێکدا بکرێتە سەری لەلایەن کیێڤەوە، وتیشی هەموو جۆرە چەکێک لەبەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا بەکار دەهێنین.

باسی لەوەشکرد، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا دووپاتی کردووەتەوە لە وەڵامەکانیان بۆ ئۆکرانیادا دەستکراوە بن و ئەگەر ئۆکرانیا هێرشبکاتە سەر قرەم وەڵامی توندیان دەبێت.

مێدڤیڤ جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر ئۆکرانیا هێرشبکات لە نیمچە دورگەی قرەم سەرجەم شار و ناوچەکانی ئۆکرانیا دەکەن بە خۆڵەمێش.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، میخایل بۆدۆلیاک راوێژکاری نوسینگەی ڤۆڵۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی، "دوای رێککەوتنمان لەگەڵ خۆرئاوا و پێدانی دەبابە بە هێزەکانمان، حکومەتی کیێڤ رێککەوتووە لەسەر هێرشکردنە سەر کریمیا لەرێگەی مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەوە."

نیمچەدوورگەی قرەم تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ بەشێک بووە لەخاکی ئۆکرانیا، بەڵام دواتر لەلایەن ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا بە فەرمانێکی فەرمی خرایە سەر خاکی روسیا و وەک بەشێک لەخاکەکەی ناساندی ئەم هەنگاوەی روسیا نارەزایی ئەمریکاو وڵاتانی خۆرئاوای بەدوای خۆیدا هێنا.













گەلەری