سەردێڕ:

پارتی: پێمان باشە کۆبونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکاتەوە

PM:04:51:08/05/2022

2192 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "پێمان باشە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە و دەشڵێت، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕیوە بچێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە مەحموود محەممەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی تایبەت بە میدیاکانی پارتی ئاماژەی بەوەدا، پارتی لای گرنگە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

 

باسی لەوەشکرد، پارتی دەیەوێت کۆبونەوە و سەردانەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە ئاستی باڵادا بێت و پێویستە بۆ بەرژەوەندییە گشتی و نیشتیمانییەکان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەیەک نزیکببنەوە و پارتی لەگەڵ ئەوەیە ئەو پرۆسەیە بەرەوپێش بڕوات.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، مەحموود محەممەد ئەوەیخستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پرۆژەی یاسایی هەیە کە بۆ بەرنامەی چاکسازی خۆی پێویستی پێیەتی، تاکە ئەرکی پەرلەمان کردن یان نەکردنی هەڵبژاردن نیە و بۆ ئەوەی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان رانەوەستێت پارتی پێی باشە کۆبونەوەکان بەردەوام بێت و ئەو ئاستەنگانەش کە هەن بە گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوە چارەسەر بکرێن.

لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "دەستپێشەخەریمان بۆ دۆخی سیاسیی عێراق ئەوەیە، ئەو سێ لایەنەی لە شیعە و سوننە و کورد کە زۆرینەی خەڵک متمانەی پێبەخشیون، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش لە پێوەندیدابین بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەکرێ ئەو داخرانە سیاسییەی هاتووەتە کایەوە، چارەسەر بکرێت".

نزیکەی، دوو مانگە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە بێ هۆکارێکی بەرچاو راگیراوە و پارتی یەکێتی بە وەستاندنی دانیشتنەکان تۆمەتباردەکات، لە بەرامبەردا یەکێتی پارتی بەوە تۆمەتباردەکات دەیەوێت دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرێت.

ئـ.کـ

 













گەلەری