سەردێڕ:

هاوڵاتى لە حکومڕانیى نەوەى نوێ دا..!

PM:03:26:27/09/2024
3324 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+ -

هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ خولى شەشەم بەکۆى پرۆسەکەیەوە، لەڕووى تەکنیکى ، سیاسیەوە جیاوازە، گەرەنتیکراوە، چاوى عێراق و نێودەوڵەتى لەسەرە، تەنانەت لەلایەنى دەرەکییەوە چاوەڕێى ئەوەى لێ دەکرێت ئەنجامەکەشى جیاوازبێت بەشێوەیەک گوزارشت لەخواست و ڕاى هاوڵاتیانى بکات، بەوەش گۆڕانکارى لەهاوکێشەى هێزدا ڕووبدات و پارتى و یەکێتى بەیەکجارى لەدەسەڵاتتدا بکەون یاخود خراپتر لەئێستا گیرۆدەبن.

زۆرینەى زۆرى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لەوە دڵنیابوون، نە چاکسازى بەپارتى و یەکێتى دەکرێت نەدەتوانن حکومڕانیەکى باش بکەن ، نەدەشتوانن مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە کە لەسەر دەستى ئەو دوو حزبە لێیانزەوتکراوە، سەربارى بەهەڵواسراو مانەوەى کێشەکانى نێوان عێراق و هەرێم، هەرێم و ناوچەکە، پرسى موچە و تەوتین و باج و چەندین قەیرانى تر.

بۆ گۆڕینى ئەم دۆخەش تەنها چارەسەر بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، چونکە هەموو ئەو لایەنانە ڕێگاکەیان خستۆتە سەر سکەى خۆى بۆ ئەوەى دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکەش گوزارشت بێت لەخواستى خەڵکى کوردستان کە چەندین ساڵە چاوەڕوانى هەڵهاتنى ئەو ئاسۆیەن.

ئەوەى پێشبینى دەکرێت بۆ دەرئەنجامى پرۆسەکە، نەوەى ببێتە هێزى یەکەم کە بتوانێت کابینەى دەیەم پێکبهێنێت، یاخود ببێتە هێزێک دەسەڵات بگرێتە دەست بەشێوەیەک بێ ئەو نەتوانرێت هیچ بریارێک بدرێت و جێبەجێ بکرێت، گەر ئەو قۆناغە بەدەنگى هاوڵاتیانى هەرێم بێتە دى، ئەوا نەوەى نوێ دەتوانێت پلانى چوار ساڵى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەم جێبەجێ بکات، کەبوژانەوەى سەرجەم کەرتەکان لەخۆدەگرێت لەوانە، پەروەردە، تەندروستى، ڕێگاوبان، پێشەسازى، گەنجان و وەرزش، کشتوکاڵ، دارایى و ئابوورى، بانک، پەیوەندییەکان...هتد

گەر کابینەى دەیەم لەسەر بنەماى پلانەکانى نەوەى نوێ پێکبهێنرێت، ئەوا سەربارى چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى نێوان بەغدا و هەولێر کە پارتى و یەکێتى ڕێگرن، کێشە بنەڕەتیەکان بەیەکجارى چارەسەر دەبن، ئیدى بەغداش لەهەرێم وەکو قەوارەیەکى لاواز و نێچیرێک ناڕوانێتە هەرێم بەڵکو بەبەهێزکردنى دامەزراوەکانى هەرێم لەلایەن نەوەى نوێوە شکۆ و هێز و ئیرادەى بۆ دەگەڕێتەوە کە چەندین ساڵە پارتى و یەکێتى لەپێناو بەرژەوەندییەکانیاندا تێکیانشکاندووە، بەوەش هاوڵاتى لەحکومڕانیى نەوەى نوێدا جیاواز دەبێت لەو هاوڵاتیەى کە لەسەردەمى حکومڕانى پارتیى و یەکێتیدا تووشى جۆرەها بەڵاو کارەسات و قەیرانکراوەتەوە و وەکو نێچیرێک سەیرکراوە تەنها پارە لەگیرفانى دەربکرێت نەک وەک هاوڵاتیەک سەیربکرێت کە مافەکانى بۆ دابینبکرێت..!

گەلەری