سەردێڕ:

پێشمەرگە؛ ئەو توێژەی ھەمیشە کراوەتە قوربانی

PM:02:29:06/06/2024
3088 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەید سەلیم
+ -

بۆ دوو مانگ دەچێت، مووچەی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ کراوەتە قوربانی رێکنەکەوتنی حکومەتی ھەرێم و بەغدا، ئەویش بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان ئامادە نییە زانیاری تەواو لەسەر پێشمەرگە و ئەو ھێزانە، رادەستی ناوەند بکات، بۆیە حکومەتی بەغدا مووچەکەیانی بە بارمتە گرتووە و ئامادە نییە وەک مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بۆ ھەرێم بینێرێت.

پێشمەرگە لەوەتەی ھەیە توێژێکی قوربانیدەر بووە، لەسەردەمی خەباتی شاخ و پێش راپەڕین پێشمەرگە ناوێکی پیرۆز بوو، ھەموو کەسێک نەیدەتوانی بەو ئەرکە پیرۆزە ھەڵسێت، وەلێ مخابن لە دوای راپەرین ناوی پێشمەرگە پیرۆزی جارانی نەماوە.

لە دوای راپەڕین، پێشمەرگەی راستەقینە تێکەڵاوی پێشمەرگەی بندیوار کرا، بندیواری پێشمەرگە جیاوازە، ئەوان ئەو کەسە نەبوون کە وەک فەرمانبەر ئەرکیان نەدەبینی سەرە مانگان مووچەی موفتیان وەردەگرت، بگرە پاسەوانی سەرۆک جاشەکانی جاران لە سەردەمی ئێستادا ئەرکی تازەیان پێسپێردرا و لە دیوەخانی پیاو ماقوڵانی حزب ناونووس کراون و ناویان لێنرا پێشمەرگە، ئەوان کراونەتە بار بەسەر ئەو پێشمەرگانەی لە ئەرک دان و بە مووچەیەکی کەم شەڕی تیرۆرستانی داعشیان کرد و وەک ھێزی پارێزەری کوردستان بەردوام ئەرکی قورسیان بینیوە.

جگە لە تێکەڵاوکردنی لیستی باش و جاش، بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان زۆر جار موزایەدە بە ناوی پێشمەرگەوە دەکەن، بە خەڵکی دەفرۆشنەوە کە ئەوان پێشمەرگەی جاران و ھەمیشە غەمی پێشمەرگەیان لە کۆڵ خۆیان ناوە، بەڵام کەس بەوە دوعایەیان ناڵێت ئامین.

پێشمەرگایەتی جاران جیاوازی نەدەکرد لە نێوانی بەرپرس و پێشمەرگە، ئەوان وەک یەک دەژیان، زۆربەی بەرپرسی جاران جلوبەرگیان جلی پێشمەرگە بوو، نانی بارەگایان دەخوارد، لەسەر سفرەی ماڵە دێھاتیەکان دەژیان، کەچی بەرپرسانی ئێستا کە گوناحە پێیان بڵێی پێشمەرگە، ئەوان لە کۆشک و ڤێلاکان دەژین، سەیارەی گران بەھایان لە ژێرە، منداڵەکانیان لە زانکۆ گرانبەھاکان دەخوێنن، خاوەنی ھەموو شتێکی ئەو ھەرێمەن، بۆیە باکیان بە دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە نیە، ئەگەر باکیان ھەبووایە ئەوانیان نەدەکردە بارمتەی خراپەکارییەکانی خۆیان.

شەست رۆ‌ژ بۆ دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگەیەک کە مووچەکەی کەمترە لە ملیۆنێک دینار ماوەیەکی یەکجار زۆرە، بەتایبەت کە بەشێک لەو توێژە مەغدوورە کرێچین و داھاتی دیکەیان نییە.

بۆ ئەوەی لەوە زیاتر پێشمەرگە مووچەیان نەکرێتە بارمتە، دەبێت پاکسازی لە لیستەکەیان بکرێت، باری قورسی ئەوانەی کە پێشمەرگە نین لەسەر ئەو لیستە نەھێڵدرێت.

باس لە ھەبوونی پێشمەرگەی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکرێت، لەنێو لیستی پێشمەرگە، ئەوەشیان غەدرێکی دیکەیە لە ناوی پێشمەرگەی راستەقینە، چونکە دڵنیا بن پێشمەرگەی راستەقینەی پارچەکان، لێرە دەستگیرۆیی ناکرێن، بۆیە لە پەنای ئەو کێشەیەی ھەیە، نابێت پەلاماری پێشمەرگەی راستەقینەی پارچەکانی دیکە بدرێت.

دواجار دەڵێین، ئەگەر پێشمەرگەی جاران بە خوێن قوربانی دەدا و گیانی خۆی دەکردە قوربانی ئازادی خاک و نیشتمان، ئەوا ئێستا پێشمەرگەی مولتەزیم و پابەند بەئەرکەکەی خۆی، قوتی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی کراوەتە نەبوونی شەفافیەت لە لیستی پێشمەرگەی راستەقینە، بۆیە قوربانی ئەوان بەردەوامە، بەڵام بە جیاوازی قۆناغەکە.

گەلەری