سەردێڕ:

بەداخەوە، کاک قوباد وتار و کرداری یەک نین!

AM:10:42:06/06/2024
4132 جار خوێندراوەتەوە
شوان محەمەد
+ -

قوباد تاڵەبانی وتارێکی لە رۆژنامەی سەباح کە رۆژنامەیەکی فەرمیی عێراقە لە بارەی کێشەی شێواندنی گۆیژە و پرسی ژینگە لە هەرێم و عێراق بڵاوکردۆتەوە کە پێویستی بە چەند هەڵوەستەیەک هەیە.

ئاوڕدانەوەی قوباد تاڵەبانی لە پرسی ژینگە تا ئێستا تەنها لە گوتاردا ماوەتەوە و بگرە زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین: ئەو وەک کەسی یەکەمی حکومەت لە سلێمانی پێچەوانەی ئەم قسانەی کە ئەمڕۆ لەو وتارەدا کردوونی هەڵسوکەوتی کردووە.

ناوبراو باسی ئەوە دەکات کە ئەم گفتوگۆیەی ئێستا لە سەر چیای گۆیژە لە ئارادایە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی " دیمەنەکە گەورەترببینین"، باشە بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت تۆ زیاتر لە دە ساڵە جێگری سەرۆکی حکومەتیت و چەندجارێکیش لە بۆنەکاندا باسی ژینگەو سروشتی شارەکانی هەرێم و سلێمانیت کردووە، ئەی بۆ رێگات لەو ژمارە زۆرەی ئەو پرۆژانە نەگرت کە هەموویان بەرەو بەرزایی شاخەکە هەڵدەکشێن و خەریکن دارسنەوبەر و داربەڕووەکانی لووش دەدەن؟ ئەی ئەوە نییە خەریکە " دەچمە سلێمانی گۆیژەم لێ دیارە"، لە یادەوەریماندا دەسڕنەوە"؟

ڕاستییەکەی ئەمە تەنها یەک ڕاڤە هەڵدەگرێت؛ بیرکردنەوەی سەرەکی ئێوە پاراستنی ژینگە و سروشتی شارەکە نییە، بەڵکو دەوڵەمەندکردن و قەبەکردنی زیاتری حزبەکەتانە لە ڕێی ئیدارەی گشتی و گرووپی کۆمپانیاکانی نۆکانەوە. جا ئەو دەوڵەمەندکردنە سەرانە وەرگرتن بێت لەو کۆمپانیایانەی پرۆژەکان ئەنجام دەدەن و ژینگەی شارەکە وێران دەکەن، یان شەراکەتی نهێنیی بێت لەرێگای ئیدارەی گشتیی یەکێتییەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە.

هەرچی شێواندنی گۆیژەو کردنی بە پرۆژەی نیشتەجێبوونە، پرسەکە لەسەر چوار گرد نییە کە دەمی شۆفڵەکانی کۆمپانیایەک رۆژانە دەیشێوێنێت، بەڵکو ئەم چوار گردە بوونەتە سمبولی خەباتێکی نوێی ژینگەیی خەڵکی شارەکە، ئەو پرسیارە گرنگەی لێرەوە سەرهەڵدەدات، ئایا چیاکان و گردەکان موڵکی گشتین، یان موڵکی دەسەڵات و حزبی و بنەماڵەیین؟ کێ رێگەی داوە بە بەڕێزتان و بەرپرسانی حزبەکەتان و رۆڵەکانیان چەندین ساڵە بە ئارەزووی خۆتان خانووی شەخسی و ڤێلا لە بناری گۆیژەدا دروستبکەن و هەر خۆشتان بکوژ و ببڕی ئەو بنارە بن لە پێدانی زەوی بە کۆمپانیاکان؟

ئایا هە‌ڵوێستێکی جوامێرانە نابێت و کۆتایی بەو پاشاگەردانییە ناهێنێت کە سەرەتا لە ماڵی خۆتانەوە لە دەباشان دەست بکەن بە چۆڵکردنی ماڵەکەتان بۆ ئەوەی هیچ بەهانەیەک نەمێنێتەوە بۆ کەس کە موڵک لەو ناوچەیەدا داگیربکات؟

هەنووکە کە رۆشنبیر و چالاکوانان و هاوڵاتی پێداگری لەسەر ڕاگرتنی شێواندن و وێرانکردنی ئەو گردانە لە ئێستادا دەکەن، ئەوە سەرەتای جوڵانەوەیەکی نوێیە بۆ ئەو هەموو دەستدرێژییەی لە ساڵانی رابردوو و ئێستا و ئایندەدا دەکرێتە سەر ئەو چیایە و سروشتی شارەکە.

ماوەیەکی زۆرە لە کوردستان لەسەر هەموو پرسە چارەنووسسازەکان، هاوڵاتی و دەستبژێری جیا جیای ئەم کۆمەڵگایە پێشنیارو ئامۆژگاریتان دەکەن، بەڵام ئێوە دەرگای هەموو گفتگوگۆیەکتان داخستووەو هیچ کاردانەوەیەکی پۆزتیفانەتان نەبووە کە بچووکترین گۆڕانکاری لەبەر رۆشنایی رەخنەو پێشنیارەکانی ئەو خەڵکە ئەنجام بدەن، دەستبژێری کورد گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کەوا دەزانن لە ئەشکەوتێکدا قسە لەگەڵ خۆیاندا دەکەن، هەست ناکەن دەسەڵاتێک هەیە گوێی لێدەگرێت.

ئێستاش وەک تۆ دەیڵێی " ئەو موناقشە گەورەیەی لەناو سلێمانی لەسەر پرسی ژینگە دروستبووە "گەر دەتەوێت ببێتە پرسێکی کۆمەڵگەیی هەموو دەرگاکان بکەنەوەو بەڕووی گفتگوگۆیەکی کراوە لەسەر پرسی ژینگەی سلێمانی و شارەکانی تری هەرێم، فەرموون گەر دەتانەوێت ئەم پرسە ببێتە پرسێکی کۆمەڵگەیی و هاوڵاتیان هۆشیاربن بە رۆشنبیری ژینگەیی، فەرموون ریفراندۆمێک لەسەر تێکدانی چیای گۆیژە لە سلێمانیدا لە رێگای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە ئەنجام بدەن، بزانن ئایا گونجاوە ئەم هەموو پێشێلکارییە لەدژی چیای گۆیژە بکرێت، بەمە پرسی ژینگە دەبێتە بابەتی هەنووکەیی خەڵکی کوردستان نەک نووسینی گوتارێک کە لە واقیعدا لەسەر زەوی پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

گەلەری