سەردێڕ:

تورکیای نوێ کایاو ئیبراهیم تاتڵیساس پێکەوە کۆناکاتەوە!

PM:12:31:24/05/2023
5156 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

سینان ئۆغان دەنگەکانی خۆی دا بە ئەردۆغان بەو مەرجەی رووبەرووی مافەکانی کوردی تورکیا ببێتەوە، تاکە رێگەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پیلانەی ئەردۆغان و ئۆغانەش زۆرینەی کورد کە ٢٠٪ی تورکیا پێکدەهێنن بچن بۆ دەنگدان و رێژەی ٦٢٪ی دەنگی کورد کەدرا بەکەمال کلیچدار ئۆغلۆ بەرز ببێتەوە بۆ ٩٢٪.

لەگەڕی یەکەمدا ئەردۆغان بە ٤٩.٥٢٪ی دەنگەکان بەجیاوازی نزیکەی سێ ملیۆن دەنگ لەپێش کەمال کلیچدار ئۆغلۆوەیە کەجگە لە هاوپەیمانێتیە شەش پارتیەکە، پارتی چەپی سەوزی کوردانیش پشتیوانیان کرد کە تەنها ٤٤.٨٨٪ ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

ئێستا کەسینان ئۆغان ٥.١٧٪ ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کەدوو ملیۆن ٨٣١ هەزار دەنگە وادەکات جیاوازی دەنگەکانی ئەردۆغان بگات بە سەرووی ٥ ملیۆن بۆ ٥ملیۆن و نیو.

ئایا کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کۆتایی هاتووە؟ بەرێژەیەکی زۆر بەڵێ، بەڵام ئەگەر کوردی باکور بیانەوێت رێژەی بەشداری و دەنگەکانیان لەئەردۆغانەوە بۆ کلیچدار ئۆغلۆ بگۆڕن ئێستا ٦٢٪یان دەنگیان بەکەمال داوەو بتوانن ٣٠٪ دەنگەکانیان بۆ زیادبکەن ئەوکات دەتوانن قەرەبووی سینان ئۆغان بدەنەوە بەتایبەت ئۆغان داوای سەرەکی لە ئەردۆغان ئەوەیە رووبەرویی "تیرۆری کوردی" ببێتەوە.

لەروانگەی ئۆغانەوە کورد تیرۆریستە ئەگەر بەکوردی قسەبکات یان داوای مافە کلتوری و مەدەنیەکانی بکات ئەوەش بەروونی دیارە دەیەوێت ١٥ملیۆن کورد کە ٢٠٪ی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنن قەیوم بەسەر شارەوانیەکانەوە دابنێت و پەرلەمانتارەکانیش بنێرنە زیندان.

هادەپ و کوردی باکور ئەوەی لەهەر کاندیدێکی سەرۆکایەتیەوە دەیانەوێت جێبەجێکردنی دیموکراتیەت و جێبوونەوەی کوردە لەناو سیستمی تورکیا و بەدەستهێنانی مافە مەدەنییەکانە، ئایا دەتوانن ئەو موعیجزە بخوڵقینن یان ئەمجارەش ئەردۆغان بەهاوبەشی نەتەوە پەرستەکانی تورکیا بەردەوام دەبێت و ئەوەشی هەیە دەڕوات و تەنانەت رێگاش نادەن کایاو ئیبراهیم تاتڵیساز(کە کوردیەکەی لەکایاش باشتربوو) پێکەوە گۆرانیش بڵێن.

گەلەری