سەردێڕ:

ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم لە بەردەم داڕماندایە

PM:02:48:25/03/2023
7628 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەید سەلیم
+ -

ئەوەی سەرەوە ناونیشانی ریپۆرتاژێکی گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"یە، کە گۆڤارە هەواڵێکی ئەمریکیە، مانگانەیە بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکرێتەوە، تایبەتە بە پرسە جیهانیەکان و ڕووداوە نێودەوڵەتییە هەنووکەییەکان، هەروەها سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا، بەناوبانگە بە بابەتە شیکاریەکانی نووسەران و کاراکتەرەکانی نێو سیاسەتی نێودەوڵەتی و دبلۆماسی.

ئەو گۆڤارە، گەورە سیاسەتمەدار و بڕیاردەرە دیارەکانی ئەمریکا و هەموو جیهان تیایدا دەنووسن، لەوانە مادلین ئۆلبرایت، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، دەیڤید پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی و تەواکول کارمان، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی یەمەن، بۆ ئاشتی، ئەحمەد داودئۆغڵو ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا و وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەرۆکی لیبێریا ئیلین جۆنسۆن سیرلیف، و جیم یۆنگ کیم، سەرۆکی بانکی جیهانی... هتدا.

ئەو گۆڤارە لە رێگەی پەیامنێرەکەیان لە کوردستان" وینترۆپ ڕۆدجێرز" کە وەک نووسەر و شیکەرەوەی سیاسی ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، راپۆرتیکی لە ژێر ناونیشانەی سەرەوە بڵاوکردۆتەوە. نووسەری ریپۆڕاژەکە هاتووە بارودۆخی هاوڵاتیانی شاری چەمچەماڵی بە نموونە وەرگرتووە، دەڵێت:

(چەمچەماڵ شارێکی وشک و تۆزاوییە و ناوبانگێکی زبری هەیە. لە ناوەڕاستی ڕێگای نێوان کەرکوک و سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق، شارەکە کە هەندێکجار بە نازناوی "تەکساس" ناسراوە- لە نزیک یەدەگی بەرچاوی غازی سروشتیدایە. بەڵام خەڵکی ناوچەکە بەزەحمەت سوودمەندن لەو سەرچاوە قازانج بەخشەی کە لە ژێر ماڵەکانیاندا نێژراوە. زۆربەیان مانگانە بە چەند سەد دۆلارێک دەژین و بێکاری بەربڵاوە، بە تایبەتی لە نێو گەنجاندا)

مەبەستی نووسەرەکەی فۆرێن پۆلیسی ئەوەبوو بەراوردێک بکات لە نێوان ژیانی تاکێکی ئاسایی و ژیانی دەستەبژێری چینی دەسەڵاتدار و کەسوکارەکەیان، نووسەر نادادیەکی زۆر دەبینێت هەر بۆیە پێی وایە ئەو هەرێمە وا بڕوات بەرەو داڕمان دەچێت، نووسەر رەخنەی زۆریشی لە بەرپرسە رۆژئاوایەکان گرتووە کە کاتێک شاندیان دێتە کوردستان تەنیا خەلكانێک دەبینن کە لە ژیانی باش دەژین و چاویان بە چین و توێژەکانی دیکە ناکەوێت لەو بارەیەوە دەنووسێ:

(ئەم جیاکارییە زۆرجار لەلایەن دیپلۆماتکار و سەردانکەرانی ڕۆژئاواوە چاوپۆشی لێدەکرێت کە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حزب و سەرکردەکانی بازرگانی و گەنجانی خوێندەوار لە زانکۆ ئەهلییەکان کۆدەبنەوە.)

شایانی باسە، هۆشداریەکەی راپۆرتی "فۆرین پۆلیسی" هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆڕتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لەم چەند رۆژە بڵاوکرایەوە.

راپۆڕتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دیسان پەردەی لەسەر کێماسیەکانی هەرێمی کوردستان ڕاماڵیەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە "بوونی گەندەڵی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان، سپپیکردنەوەی پارە و خراب بەکارهێنانی سامانی گشتی".

جێگای ئاماژەیە، پێشتر لە راپۆڕتەکانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (جنین پلاسخارت) لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو زانیاریانە خراونەتەڕوو، چەندین جاریش لە راپۆرتەکانی هیومان رایتس ووچ ئاماژەیان پێکراوە.

شایانی بەسە، ساڵانێکە لە بەرامبەر مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لە کەناڵە فەرمی و نافەرمییەکان، دۆست و بەرژەوەندیخواز، نووسەر و رۆژنامەنووسی بیانی و ناوخۆیی هۆشداری دەدرێتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوان نەک هەر گوێی بۆ ناگرن، بگرە زۆربەی جاریش وەڵامەکانیان بۆ ئەو لایەنانە لە ئاستی ڕای گشتی دەبێتە مایەی پێکەنین و مەهزەلی ناو سۆشیالمیدیا.

دواجار دەڵێین، ئەم جۆرە کاردانەوە و مامەڵەی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هۆشداریەکان، وە بەردەوامیدان بەو دۆخە خراپەی کە لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ناکۆکیە حزبیەکان و بەرژەوەندیەکانیان خولقاندویانە، وا دەکات خەڵک جورئەت بکات بنووسێت: " ماڵەکەی هەڕێم کارتۆنیە" کە ماڵیشت کارتۆنی بێت دەبێت مەترسی داڕمانی لێبکەیت.


گەلەری