سەردێڕ:

ئەو شارەی بە خوێن بوو بە پارێزگا؛ دواتر چی؟

PM:01:04:15/04/2025
3796 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

هەڵەبجە شارێکە لە مێژووی شەڕو ململانێ و بەریەککەوتنەکانی کورد و ئەوانی دیکەدا، پشکی شێری بەردەکەوێت، ئیتر ئەم ململانێ چ سیاسی و ئەدەبی و فیکری بێت، هەربۆیە لە شەڕی عێراق ئێراندا کرایە قوربانی وئەو کارەساتە ڕویدا، کە ئێستاش لێکەوتەکانی ماون!
دەشتوانین بڵێین نابوتی ڕژێمی بەعس لەدوای کارەساتی هەڵەبجەوە دەستیپێکرد، هەتا دواجار هەڵوەشانەوە. لەوکاتەوە هەموو کورد خۆی بە بریندار دەزانێ، بۆیە هەڵەبجە لە موڵکی شارێکەوە گۆڕا بۆ موڵکی نەتەوەیەک، لەوکاتەشەوە هەڵەبجەییەکان داوای بە پارێزگابوونی شارەکەیان کرد هەتا دوێنێ ١٤ی ٤، کە بڕیارەکەی دەرچوو مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە لەنێوان کوردو ئەوانی دیکە، لەڕاستیدا ئەگەر لەڕووی ئەخلاقییەوە سەیری بابەتەکە بکرایە نەدەبوو ئەو هەموو تەنگوچەڵەمەو مشتومڕەی لەسەر بکرێت، چونکە ئەوانەی ئێستا لەبەغدا دەسەڵاتدارن قەرزداری کوردو کوردستانن، چونکە ڕۆژگارێک کە لە هیچ جێگایەک جێگایان نەدەبوویەوە لە کوردستان بەڕێزەوە جێگایان بۆ خەبات بۆ کرابوویەوە دژی بەعس، بەهەرحاڵ هەڵەبجە بوو بە پارێزگا سوپاس بۆ هەرکەسایەتی و لایەنێک لە کوردستان و لەهەر جێگایەکی دیکەوە بووبێت کاریان کرد، هەتا هەڵەبجە بوو بە پارێزگا، پرسیارەکە لێرەدایە دوای بە پارێزگابوون چی؟ لەڕاستیدا پێویستە هەرێم و بەغداد پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی فۆرمێکی نوێ بدەن بە هەڵەبجە، کە پێداویستیەکانی پارێزگابوون بۆ هەڵەبجە دەستەبەر بکەن، لە هەمانکاتدا ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی هەڵەبجە کار لەسەر کرانەوەی زیاتری هەڵەبجە بکەن بەڕووی ناوخۆیی و دەرەوەی خۆیدا، شیعرەکانی تاهیربەگ و ئەحمەد موختارو گۆران و مەجزوب پێمان دەڵێن هەڵەبجە چی شارێکی کراوەو ئازادیخوازو جوانناس و ئەدەب دۆست بووە. ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجەو کوردستان شاد.

گەلەری