بەشی بەڵگەکانی تاوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکرێتەوە و خوێندنی باڵاش دەڵێت، دەرچووانی ئەو بەشە دەبنە خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆمى تەکنیکى لە بوارى بەڵگەکانى تاوان.
بە ئامادەبوونى ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى بەڵگەکانى تاوان لە پەیمانگاى تەکنیکى پزیشکی هەولێر سەربە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر واژۆکرا.
لەو بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوەکرد، "کردنەوەى ئەم بەشە سەرەتا بەوەرگرتنى
٢٥ ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ دەبێت و خوازیار دەبێت دەرچووى بەشى زانستى
بێت، دواى تەواوکردنى خوێندنیش بروانامەى دیبلۆمى تەکنیکى لە بوارى بەڵگەکانى
تاوانیان پێدەدرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، "بۆ کردنەوەى ئەم بەشە ئەولەوییەت بۆ کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆیە،
ئەمەش لەپێناو پێگەیاندنى کادرى پسپۆڕى بوارەکەیە"، جەختیشی کردەوە بە سەرکەوتنى
خوێندن لەو بەشە هەوڵەکان بۆ ئەوە دەبن کە لە داهاتوودا بکرێت بە کۆلێژ و بروانامەکەش
بکرێت بە بەکالۆریۆس.
لەو بارەیەشەوە
رێبەر ئەحمەد باسی لەوەکرد، "ئەم بەشە تەواوى ئامادەکارى زانستى لەلایەن وەزارەتى
خوێندنى باڵا بۆ کراوە و گرنگییەکى تایبەتیشی پێدراوە بەتایبەت لە داڕشتنى پڕۆگرامى
خوێندن و ستافى پێویستى وانە وتنەوە، ئاماژەکانیش پێمان دەڵین پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت
و تەواوى پاڵپشتى خۆشمان بۆ سەرکەوتنى لە،سەرجەم لایەنەکانەوە دووپات دەکەینەوە".