سەردێڕ:

کابینەی نۆ؛ کابینەی نەدان و لێبڕینی مووچە

AM:11:59:06/10/2024

984 جار خوێندراوەتەوە

کابینەی نۆیەم، کە لە رووکەشدا بە کابینەی چاکسازیی و چارەسەری کێشەکان بانگەشەی دەکرد، بەڵام لە کرداردا کابینەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بوو بۆ مووچە و خزمەتگوزاریی.


هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، کابینەی نۆ بە قەیران و دابین نەکردنی خزمەتگوزاری و سەپاندنی باج بەسەر هاوڵاتیاندا دەستی پێکرد و کۆمەڵێک قەیران و کێشەی دیکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاد کرد.

لە کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا کێشە و قەیرانەکان بە جۆرێک زیادی کرد، کابینەکە بووە بە کابینەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، بە جۆرێک کەم رۆژ هەبووە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەڕێوە نەچێت، رۆژێک خوێندکاران بەهۆی نەبەونی خزمەتگوزارییەوە لەسەر شەقامن، رۆژێک جوتیاران بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان و رۆژێک کاسبکاران و رۆژێک دوکانداران.

رۆژێکی دیکە مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مووچە و پلەبەرزکردنەوە دەکەن، مامۆستایانی وانەبێژیش بەردەوام لە خۆیپشانداندا بوون و داوای ئەوە دەکەن بکرێن بە هەمیشەیی.

ئەوە جگە لە چین و توێژەکانی دیکە، کە بەردەوام بەهۆی کێشەی کارەبا و نەبوونی ئاو و نەبوونی خزمەتگوزاریی، لەسەر شەقامەکان بوون و ناڕەزایەتیان نیشانداوە.

سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و قەیرانە یەک لە دوای یەکانە، لەم کابینەیەدا حکومەتی کاربەڕێکەر باج و رسوماتی لەسەر هاوڵاتیان زیاتر کردووە، کە ئەمەش هێندەی تر بارودۆخی هاوڵاتیانی لە هەرێمی کوردستان سەختتر کردووە. بە جۆرێک لە ئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەر سەدان جۆر باج و سەرانە لە هاوڵاتیان وەردەگرێت.

لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی کابینەی نۆ، هاوڵاتیان بە شێوازێکی مەدەنی و شارستانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە ساز دەکەن و شاقامەکانیان کردووە بە سەنگەری بەرگریکردن لە داوا رەواکانیان و کابینەی نۆ بە کابینەیەکی شکستخواردوو دەزانن.













گەلەری