سەردێڕ:

بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران؛ پۆڵەندا و بێلاڕوسیا رێکارێکی نوێ دەگرنە بەر

AM:09:56:11/06/2024

1228 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی پۆڵەندا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی رێژەی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی، بە رێککەوتن لەگەڵ بێلاڕوسیا ناوچەیەکی پارێزراو دادەمەزرێنن لە بەشێک لە سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە.


دۆناڵد تۆشک سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، بە ئامانجی سنووردارکردنی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان بە رێککەوتن لەگەڵ بێلاڕوسیا رێوشوێنە ئەمنییەکان توندتر دەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو لە بەشێک لە سنوورەکانیان لەگەڵ بێلاڕوسیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

باسی لەوەش کرد، زیاتر لە ٩٠٪ـی ئەو کۆچبەرانەی کە بە نایاسایی دەچنە وڵاتەکە ڤیزەی روسیایان هەیە. وتیشی، پێویستە روسیا رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ رێگری کردن لەو کۆچبەرانە.

ئەوەش لەدوای ئەوە دێت، رۆژی ٢٨ـی ئایار سەربازێکی پۆڵەندی لەکاتی هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی کە دەیانویست لە خاکی بێلاڕوسیاوە سنوورەکانی پۆڵەندا ببەزێنن، بە چەقۆ لێیدرا و بریندار کرا، بەڵام پاش هەفتەیەک لە رووداوەکە لە ٦ـی ئەم مانگە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پۆڵەندا لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٧ هەزار کۆچبەری نایاسایی هەوڵی بەزاندنی سنووری ئەو وڵاتەیان داوە.


 













گەلەری