سەردێڕ:

نرخی نەوت بەرز بووەوە

AM:08:15:11/06/2024

720 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٨١ دۆلار و ٥٥ سەنتە و نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ دووشەممە زیاتر لە دۆلارێک بەرز بووەتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، بە گوێرەی پێنوێنی جیهانی نەوت، یەک بەرمیلی نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٧ دۆلار و ٧٤ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و هاوشێوەی نەوتی برێنت نرخەکەی بەرز بووەتەوە.

رۆژی ٢ی ئەم مانگە، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ بکاتەوە.

پێشتر وڵاتانی ئۆپیک پڵەس لەسەر ئەوە رێک کەوتبوون کە بەرهەمهێنانی سێ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تا کۆتایی ئەمساڵ و بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە بە رێژەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کە لە مانگی حوزەیراندا کۆتایی پێدێت، کەم بکەنەوە.

بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕی نەوت دەبێت لە جیهاندا، شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەکەن، پێدەچێت بڕیارەکە نرخی نەوت بەرز بکاتەوە.













گەلەری