سەردێڕ:

ئاگر لە یەکێک لە هۆتێلەکانی کەرکوک کەوتووەتەوە

PM:01:45:24/05/2024

1548 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، لە سەر رێگای کەرکوک – بەغدا ئاگر لە یەکێک لە هۆتێلەکان کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە قاتێکی باڵەخانەکە سوتاوە.هاوکات پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، کە تا ئێستا زیانەکان نەزاندراوە.


ئەمڕۆ هەینی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەبارەی ئاگرەکەی کەرکووکەوە ئاماژەی بەوەش کرد، کەمێک لەمەوپێش ئاگر لە هۆتێل پلازا، لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا کەوتەوەو بەهۆیەوە قاتێکی باڵەخانەکە سووتاوە و چەندین کەرەستەی میوانداریش لەگەڵیدا سووتاوە.

ئەوەشی خستە روو، تیمەکانی بەرگری و شارستانی کەرکوک لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام بەهۆی هەبوونی ماددەی سوتێنەر لە هۆتێلەکەدا، کارەکەی سەخترکردووە بۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی کەرکوک بەهۆیەوە تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆنەکراوە.

لەو بارەیەشەوە چاوگێک لە بەرگری شارستانی کەرکوک بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هێشتا نازاندرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چییە، بەڵام لە رێگای چەند تیمێکەوە هەوڵدەدەن رێگەبگرن لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بۆ باڵەخانەکانی دیکە.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی هۆتێلەکە چەندین ماددە و کەرەستەی پلاستیکی تێدابووە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە قورستربووە بۆیان لەبەر ئەوە هەوڵدەدەن لە دوو لاوە کۆنترۆڵی ئاگرەکەبکەن.وتیشی، " هیچ زیانیکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە تا ئێستا".
ئەوەش لە کاتێکدایە دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە حەوت رۆژ ئاگرێکی دیکە لە مۆڵێکی کەرکوک کەوتەوە دوای ئەوەی قەیسەری کەرکوک سوتا و لەو بارەیشەوە رۆژی ١٩ـی ئایار 
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەکاتەکانی بەرەبەیاندا ئاگر لە چەند دوکانێکی بازاڕی قەیسەری کەرکوک کەوتەوە و ژمارەیەک دوکان سووتاون. وتیشی، " بەهۆی زوو گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ شوێنی رووداوەکە، پێش تەشەنەکردنی بۆ تەواوی بازاڕەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە". 

سۆران محەمەد – کەرکوک


 













گەلەری