سەردێڕ:

تەندروستى غەززە: پاش بۆردومانى نەخۆشخانە و قوتابخانەیەک ژمارەی گیانلەدەستدان ١٠ هەزار کەسى تێپەڕاند

AM:09:54:04/11/2023

1532 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستى غەززە رایگەیاند، پاش بۆردومانکردنى کاروانێکى ئەمبوڵانس و خوێندنگەیەک ژمارەى گیانلەدەستدان لە غەززە ١٠ هەزار کەسی تێپەڕاند، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە پێشرەوییەکانیان بەردەوامن و شارى غەززە و کەمپى جەبالیایان بە تەواوى گەمارۆ داوە.


تەندروستی غەززەش ڕایگەیاند، لە بۆردومانێکدا بۆسەر خوێندنگەیەک لە باکوری غەززە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا، لەلایەکی دیکەوە کاروانێکى ئەمبولانس لەبەردەم نەخۆشخانەى شیفا بۆردومان کرا بەهۆیەوە دەیان کوژراو و بریندارى لێکەوتەوە.

سکرتێرى نەتەوە یەکگرتووەکانیش ترسى خۆى لە هەڵکشانى ژمارەى قوربانییەکان پیشاندا.

لاى خۆیەوە، سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، شارى غەزە و کەمپى ئاوارەکانى جەبالیایان بە تەواوى لە بەشەکانى دیکەى کەرتى غەزە دابڕیوە و ژمارەى سەربازە کوژراوەکانیشیان بۆ ٣٣٣ سەرباز بەرزبووەتەوە.

هاوکات، پاش ئەوەى ئەنتۆنى بلینکن وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا سەردانى ئیسرائیلى کرد، بریارە کۆبوونەوەیەکى ئەمریکی عەرەبى لە ئوردن ئەنجامبدرێت بۆ راگرتنى جەنگ. بریارە لە فەڕەنساش لە ١١ی ئەم مانگەدا کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی مرۆیی سەبارەت بە هاوڵاتیانی غەززە بەڕێوەبچێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNFPA) و سندوقی هاوکاری منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNICEF) و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین(UNRWA)، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی غەززە بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، بۆردومانەکان زیانێکی زۆریان بە دامەزراوە تەندروستییەکان گەیاندووە و بەهۆی پچڕانی کارەبا و ئاو و کێشەی کەمی خۆراک و دەرمانەوە، خزمەتگوزارییەکانی چاودێری ژنان و تازە لەدایک بوو و منداڵان پەکی کەوتووە.

ئەوەش هاتووە، لە ئێستادا ٥٠ هەزار ژنی دوو گیان لە غەززەدا هەیە، کە بەهۆی داخستنی ١٤ نەخۆشخانە و ٤٥ بنکەی تەندروستییەوە هەندێک لە ژنەکان لە نێو پەناگە و خانوو یان ژێر داروپەردووە ڕووخاوەکاندا منداڵیان بووە.













گەلەری